دەسبەسەرکراوێکی کورد دوای ٧ مانگ لە بێسەروشوێن بوونی تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
بە پێی هەواڵی “ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان”، “عیسمەت سەلەحشوور” کوڕی “خوڕشید ” خەڵکی گوندی “فەلەکان” سەر بە ناوچەی “مەرگەوەڕ”ـی ورمی ماوەی ٧ مانگە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستاش بێ پارێزەرە و کەس و کاری چاویان پێی نەکەوتووە.
هەر بە پێی هەواڵی هەمان سەرچاوە ناوبراو تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردیی دژبەری ڕێژیمی خراوەتە پاڵ بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵیک لەوبارەوە لەبەردەست دانییە.
“عیسمەت سوڵحشوور”٤ ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی لە لایەن “حیفازەتی ئیتتلاعات”ی سپای پاسداران لە شاری ورمێ دەسبەسەر کراوە و ڕەوانەی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە و لەو ڕۆژەوە بێسەروشوێنە و کەس وکاریی هەواڵێکیان لە چارەنووسیی نییە.
جێی ئاماژەیە کە بە هۆی هێرشی هێزە تایبەتیەکانی بەندیخانەی “ورمی” رۆژی ٣٠ ڕەزبەریی ١٣٩٧ی هەتاویی، بەندیەکانی کورد لەو بەندیخانەیە مانیان لە خواردن گرتووە.
گرتن و ڕاپێجکردنی ئازادیخوازانی کورد و ئێرانی، ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەگرتندایە و ڕێژیم بۆ ڕاگرتنی حکوومەتەکەی لە هیچ چەشنە جینایەتێک خۆی ناپارێزێ و مافەکانی مرۆڤ بە خرابترین شیوە پێشێل دەکا و هیج رێزێک لە بیروڕای خەڵک ناگرێ.