ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەزڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، بەڕێوەبەریی سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیانی رێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەر بەپێی سەرپێچی و ژمارەی قەرزدارانی بانکیی بێت، ئەوە تەواوی بانکەکانی ئێران تووشی کێشە بوون و ٩٠ لە سەدیان بەکردەوە تووشی داڕمان بوون.
“مەهدی نیکدێل” بەڕێوەبەری سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە بانکەکانی ئێران لە بارودۆخێکی نالەباردان و ئەگەر هەلومەرجەکە بەو شێوەیە درێژەی، داڕمانی بانکەکان ڕادەگەیەنێ کە ئێستا بە کردەوە ٩٠ لە سەدی بانکەکان تووشی داڕمان بوون و لە باروودۆخێکی نالەباردان.
لەمدواییاننەدا سەبارەت بە کێشەی ماڵیی بانکی “سەرمایە” لە دنیای مەجازیدا هەواڵی جۆراوجۆر بڵاوکرایەوە کە کێشەی گەورەی ئەو بانکە سەرپێچی و نەدانەوەی قەرزی ئەو بانکە بوو کە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان گەورەترین پشکداریی ئەو بانکە بوو. هەروەها ناوبراو بەشێک لە کێشە و گرفتەکانی ئەو بانکەی بۆ دروست چاودێری نەکردنی بانکەکان لە کاتی خۆیدا گەڕاندەوە.
شایانی باسە کە پێشتر “کامڕان نەدری” بەڕێوەبەری گرووپی بانکداریی ئیسلامی رایگەیاند کە ناکارامەیی و بە ئەوڕۆیی نەکردنی سیستەمی بانکی لە ئێراندا کێشەی هەیە و لە ئیدارەکردن و بەڕێوەبەریدا زۆر لە دواوەی بانکە پێشکەوتووەکانی جیهاندایە.
یەکێکیتر لە کێشەی بانکەکانی ئێران ئەوەیە کە بانکەکانی کەرتی تایبەت قەرزیکی زۆری بانکی ناوەندیان لە سەر کەڵەکە بووە و بانکی ناوەندیش لەوبارەوە هیچ هەڵوێستێکی نییە.
کێشەی بانکداریی ئێران و سیستەمی بەڕێوەبەریی لە هەموو دامودەزگاکانیی ئەو وڵاتەدا، کێشەیەکی تازە نییە و هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ،سیستەمی بەڕێوەبەریی و ئیدارەکردنی وڵات تووشی کێشەی جۆراوجۆر و بارودۆخی نالەبار بووە. کاربەدەستانی ڕێژیم بەبێ ڕەچاوکردنی کارامەیی ئەو کەسانەی کە دایاندەمەزرێنن تەنیا کەسانی دۆست و نزیک لە خۆیان ڕادەکێشن بۆ بەڕیوەبردن یان ڕاپەڕاندنی کارە ئیدارییەکان و ئیزنیان نەداوە کە خەڵکانی پسپۆر و شارەزا لەو بوارانەدا ئەرک و بەرپرسایەتی وەئەستۆ بگرن. گەندەڵی لە ڕادەبەدەری کاربەدەستە هەرە باڵاکانی رێژیم کە بە میلیۆنان میلیارد دۆلار پارەی ئەو وڵاتەیان بەفیڕۆدا یا بۆ بەهێزکردنی گرووپە ئیسلامی و توندئاژۆکانی ناوچەکە کەڵکیان لێوەرگرت، یەکێکیتر لەو کێشانەیە کە ئێستا بانکەکانی ئێرانی تووشی قەیرانێکی قووڵکردووە و زۆر زەحمەتە کە چارەسەر بکرێ.