چاودیریی مافی مرۆڤ رۆژی هەینی ٢٦ خەزڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، هۆشداریی دایە ئێران لە بارەی دەسبەسەرکران و ئێعدامی چالاکانی ژینگەپارێزی و داوای کرد کە بەزووترین کات ئازاد بکرێن.
رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتەی کە لە لایەن کاربەدەستانی ئێران دراوەتە پاڵ چالاکانی ژینگەپارێزی ، وێدەچێ کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا بسەپێنن. هەروەها داوای لە کاربەدەستانی ئێرانی کرد کە بەڵگەی تۆمەتەکانیان لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکرانی ئەو چالاکانە بخەنە ڕوو یا بەزووترین کات ئازادیان بکەن.
“عەبباس جەعفەریی دەوڵەت ئابادی” دادستانی تاران لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە ٤ کەس لە دەسبەسەرکراوان بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خوا، ڕووبەڕوون و بە وتەی ناوبراو ئەو کەسانە بە بیانووی ژینگەپارێزییەوە ویستوویانە لە شوینە سەربازیەکان هەواڵ وەدەست بێنن .
“مایکل پیج” جێگری بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێکخراوی چاودیریی مافی مرۆڤ لە بارەی تۆمەتی سەر ئەو چالاکانە ڕایگەیاند کە ، دەزگای دادوەریی ئێران بێ لەبەرچاوگرتنی لایەنەکانی تۆمەتبارکردن و پێشێلکردنی مافی تۆمەتباران و گرتنی پارێزەر، بەجیددی خەریکی تۆمەتبار کردنی ئەو بەندکراوانەیە و هەروەها نیگەرانی خۆی لە سەر نەبوونی دادگایەکی دادپەروەرانە دەربڕی.
جێی ئاماژەیە کە ، “تاهیر قەدیریان”، هوومەن جۆوکار”، “سام ڕەجەبی”، “سپێدە کاشانی”، “نیلووفەر بەیانی”،” عەبدولڕەزا کوهپایە” و “مراد تاهباز” هەشت کەس لەو چالاکە مەدەنیانەن کە ٩ مانگ لەمەوبەر لەگەڵ “کاوس سەید ئیمامی ” بە تۆمەتی جاسووسی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی سەربازیی لە ماڵپەڕەکاندا دەسبەسەر کران.
شایانی باسە کە “کاوس سەید ئیمامی” مامۆستای زانکۆ و چالاکی ژینگەپارێزی، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداو گومان لە کوژرانی لە کاتی ئەشکەنجەدا دەکرێ و دەزگای دادوەریی ئێران ڕایگەیاند کە ناوبراو خۆی کوشتوە بەڵام بنەماڵەی و هاوکارانی ناوبراو ئەو ئیدیعایەی دەزگای قەزایی ڕێژیمیان رەتکردەوە.
گرتن و بەند کردن و ئێعدامی چالاکانی ژینگەپارێزی لە ئێراندا رۆژبەڕۆژ لە پەرەئەستاندن دایە. رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە نێوخۆ و لە دەرەوە تووشی قەیرانی جۆراوجۆر بووە، هەر ڕۆژە بە بیانوویەک چالاکان دەسبەسەر و تۆمەتبار دەکا بە دژایەتی لە نیزام و تا ئێستا بە هەزاران کەس لە بەندیخانەکاندان دان و بەداخەوە رۆژ نییە کە هەواڵی ئیعدامی چالاکان لە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی نێوخۆی ئێران بڵاونەبێتەوە.