بەڕێوەچوونی جێژنی هەنار لە بەخشی باینگانی شاری پاوە لە ئەنجامی دژایەتی مەلا قادر قادری، پێشنوێژی هەینی ئەو شارە و سپای پاسداران هەڵوەشایەوە.
پاش ڕەخنەی پێشنوێژی شاری پاوە لە کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی “هەناران” لە ئاستی ناوچەی هەورامان، بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە لە بەخشی باینگان سەر بە شاری پاوە، بە گوشاری سپای پاسداران هەڵوەشایەوە.
شیرکەتی تەعاونیی “نیک ئەندیشان”ی باینگان، کە سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵەی لە ئەستۆ بوو بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لەو پێوەندییەدا، ڕایگەیاند: “فێستیڤاڵی هەناری باینگان_دودان کە بڕیار بوو لە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر بەڕێوەبچێ، سەرەڕای دژایەتییەکان و پێکهێنانی کەشێکی هەستیار و نەبوونی پاڵنەڕێک بۆ بەڕێوەچوونی ئەو ڕێورەسمە لە لایەن بەرپرسانی شاری پاوە، بەڕێوە ناچێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، فێستیڤاڵی هەنار بە شێوەیەکی بەربڵاو و بە بەشداری خەڵکی ناوچەی هەورامان و ئەو میوانانەی کە لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە بۆ بەخشی باینگان هاتبوون، بەڕێوەدەچوو.
هەر لەو پەیوەندییەدا، لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی ڕەزبەر لە دوو گوندی “ناو و سلێن” سەر بە ناوچەی هەورامان فێستیڤاڵی هەنارانە بەڕێوەچوو، کە مەلا قادر قادری، پێشنوێژی هەینی شاری پاوە، ڕەخنەی تووندی لە بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵە گرتبوو و لە نوێژی هەینی ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەر، ڕایگەیاندبوو: “سەرەڕای رەخنەکان و هۆشدارییەکانی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ لە شاری پاوە ئەو ڕێوڕەسمانە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو؛ زۆربەی هەر زۆری ئەو خەڵکە موسوڵمانن و باوەڕمەندی دینین.
ناوبراو هەروەها پێداگری کرد کە “هیوادارم ئەم بەرنامانە بەڕێوەنەچێت، ئەگەریش هەر بەڕێوەچوو ئێمەش لە ڕێگای ئەم تریبوونەوە، هەڵوێستی خۆمان دەبێت”.
جێی ئاماژەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەر چەشنێک کە بۆی بکرێ پێش بە کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ هەر بۆنەو ئاهەنگێکی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی دەگرێ کە لە دەرەوەی بازنەی ڕێوڕەسمەکانی مەزهەبی فەرمیی وڵات دابێ.