وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ وڵاتەکەی ئامادەیە بەبێ مەرج وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا بکا، بەڵام پـێویستە واشنگتۆن ڕێز لە تاران بگرێ.
جەواد زەریف لە چاوپـێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی کیۆدۆی ژاپـۆنی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لە دانوستاندا متمانە گرنگ نیـیە، بەڵام پـێویستە ڕێزگرتن لە یەکتر هەبێ.
گوتیشی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەتوانێ ڕێگە بۆ وتووێژ خۆشبکا، ئەمەش بە پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتننامەیە لە ٨ ی مانگی پـێنجی ئەمساڵدا هەنگاوێکی نایاسایی بووە.
جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو “برایان هوک” بەرپـرسی ئەمریکایی بۆ مەسەلەکانی پەیوەست بە ئێران گوتی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن ئەنجومەنی باڵاوە پەسەند نەکراوە، بۆیە ئاسایییە ئەمەریکا لێی بکشێتەوە