هاشم خواستار، چالاکی سێنفی مامۆستایان و زیندانی سیاسیی پێشوو ، ماوەی دوو رۆژە بێسەروشوێنە.
ناوبراو کە رۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەر چووەتە سەردانی باخەکەی ، دەگوترێ تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵ و، لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.
هاشم خواستار لە ڕەخنەگرانی ڕێژیم و لە چالاکانی سێنفی مامۆستایانە کە چەندین جاریش دەسبەسەرکراوە.
ناوبراو لە چەند لێداون و بابەتی خۆی، خامنەیی رێبەری نیزامی بە سەرچاوەی گرفتەکانی ئێران زانیوەو بە ڕاشکاوی هەڵوێستی هەبووە.
بێسەروشوێنکرانی هاشم خواستار لە کاتێکدایە کە دوو رۆژ لەمەوپیش یەکێکی دیکە لە ڕەخنەگران و چالاکانی مەدەنی بەناوی دوکتور فەرشید هەکی بەشیوە دڵتەزێن لە بەردەرگای ماڵەکەی کوژراو، ئەمەش نیگەرانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و بنەماڵەی هاشم خواستاری لێکەوتووتەوە.
کوژرانی فەرشید هەکی و بێسەروشوێنبوونی هاشم خواستار ، وەبیرهێنەری زەنجیرە قەتڵگەلێکە کە لە دەیەی ٧٠ی هەتاوییەوە ، لە ئێران بە دژی جیابیران و ڕەخنەگرانی ڕێژیم دەستی پێکرد.
جێیئاماژەیە هاشم خواستار ئەندامی ناوەندی سێنفی مامۆستایانی مەشهەد لە پشتیوانی کردن لە مانگرتنی دوو رۆژەی مامۆستایانی ئێران کە لە رۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر بەرێوەچوو ، بابەتێکی بڵاو کردەوە کە لە وێدا بە نیسبەت کێشەو گرفتەکانی وڵات، خامنەیی بە تاوانباری سەرەکی دەزانی و، دەڵێ: ئێمە چەکمان پێ نیەو ، چەکی دەستی ئێمە هەر پێنووس و گربوونەوە و مانگرتنە، مامۆستایان دەبێت ئەرکی مێژوویی خۆیان بەجێ بگەێنن ، هەتا ئازادی و دێموکراسی سەقامگیر دەبێ .