دوای ڕاپۆڕتی وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا ، لە پێوەندی لەگەڵ سپای قودس و هاوکارییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لەگەڵ گرووپە تۆندئاژۆکانی ناوچە، رۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەر دوو وڵاتی عەرەبستان و بەحرەین سپای پاسداران و قاسم سڵێمانی فەرماندەی هێزەکانی قودسیان خستنە نێو لیستی گەمارۆکانی خۆیانەوە.
دوابەدوای ئەو هەواڵە سمایل کەوسەری جێگری قەرارگای “ثاراللە”ی سپا، لە بەرپەرچدانەوەدا گوتی: ئەو کارەی عەرەبستان بۆ بە لارێدا بردنی پرسی کوشتنی “جەماڵ خاشوقجی”یە.
هەواڵدەریی فەرمیی دەوڵەتی عەرەبستان ڕایگەیاند؛ کە سپای پاسداران، قاسم سڵێمانی، عەبدولڕەزا شەهلایی و حامید عەبدوڵڵاهی لە ریزی بنکە و کەسانی تیرۆریستی عەرەبستان و بەحرەین خراون.
ئامریکا، ئێران بە پیلان داڕشتن بۆ تیرۆری باڵیۆزی عەرەبستان لە واشنگتۆن بە تاوانبار دەزانێ و، ناوی عەبدولڕەزا شەهلایی و حامید عەبدوڵڵاهی لە ساڵی ١٣٩٠ لە پەروەندەی هەوڵدان بۆ تیرۆری”عادل الجبیر” باڵیۆزی ئەوکاتی عەرەبستان لە ئامریکا، بڵاو کرایەوەو، یەکیەتیی ئورووپاش ئەو دووکەسەی لە گەڵ قاسم سڵێمانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
عەرەبستان و بەحرەین، کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە بە تاوانبار دەزانن و، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە ڕەزبەری ئەمساڵدا گوتی: دەوڵەتی ئێران زیاتر لە ٣٥ساڵە، بێ پشوودان خەریکی ئاژاوەنانەوەیە لە وڵاتانی ناوچە و، پێویستە وڵاتانی کەنداو ، بە هاوکاری ئامریکا پێش لەو سەرەرۆییانە بگرن.