ئامریکا دوو ئەندامی سپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە تۆمەتی پشتیوانی ماڵی کردن لە گرووپی “تاڵەبان” سزا دەدا.
وەزارەتی خەزێنەداری ویلایەتە یەکگرتووەکان، رۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەر بەوەگەڕ خستنەوەی گەمارۆ بۆ سەر گرووپی تاڵەبان لە ئەفغانستان ، میلیشیاکانی ئەو گرووپەو هەشت کەسی دیکە بە تاوانی پشتیوانی ماڵی کردن لەو گرووپە، خستووتە نێو لیستی گەمارۆکانی خۆی و دەگوترێ لەو هەشت سپۆنسێەرە، دووانیان ئێرانین و، ئەندامی هێزەکانی قودسی سپای پاسدارانن.
ئەو وەزارەتخانەیە رۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەر بە پێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردوتەوە، دووکەسی بە ناوەکانی “محەممەد ئیبراهیم ئەوحەدی” و ” سمایل ڕەزەوی” ناو هێناوە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕاسپێردراون بۆ دابینکردنی ئیمکانات و پێداویستی ماڵی و تێکنۆلووژی بۆ گرووپی تاڵەبان لە ئەفغانستان بە مەبەستی کێشە و ئاژاوە نانەوە.
لە ڕاپۆڕتی وەزارەتخانەی خەزێنەداری ئامریکادا هاتووە؛ محەممەد ئیبراهیم ئەوحەدی ، ئەفسەری هێزەکانی قودسی سەر بەسپای پاسداران ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ عەبدوڵڵا سەمەد فارووقی سیمای ناسراوی نێو تاڵەبان ڕێککەوتنیان کردوە، کە لە پێناوی دابینکردنی تێچوو و هەزینەی ماڵی ، ئەو گرووپە لە هەرات دەست بداتە عەمەلیاتی چەکداریی بە دژی حکوومەتی ئەفغانستان.
هەر بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە ئەو ڕێککەوتنە لە شاری بیرجەند لە پارێزگای خوراسانی باشووور کراوەو هەروەها هێزەکانی تاڵەبان لە دەوروبەری ئەوشارە ڕاهێنانی نیزامییان پێدەکرێ و، لە ٢٠١٧ وە هەردوولای پابەندی ئەو ڕێککەوتنەن..
هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا ڕایگەیاند کە ئەو وەزارەتخانەیە بە هاوکاری شەش وڵاتی عەرەبستان سعوودی، بەحرەین، کوەیت، عەمان، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، گەمارۆ دەخەنە سەر سیما ناسراوەکانی تاڵەبان و، پاڵپشتە ئێرانییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە.
پێشتریش چەندین نوێنەری ئەفغانستان باسیان لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان کردبوو.