“حوسێنعەلی شەهریاری” نوێنەری زاهیدان لە مەجلیس دۆینێ سێشەممە 30ی ڕەزبەر، لە دانیشتنی ئاسایی مەجلیس وێڕای ڕەخنەگرتن لە پاکستان لەمەڕ بابەتی سنووروانەکان گوتی: ئێمە لەگەڵ حکوومەتی پاکستان ڕێکەوتننامەی هاوکاریی ئەمنییەتیمان هەیە، بەڵام بە داخەوە لەم بوارەدا بەردەوام لەگەڵ ئەو جیرانەمان کێشەمان هەبووە. پاکستان هیچ کات پابەندی ئەم بڕیارنامەیە نەبووە. لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی ئێمە بەردەوام بە “دەڵەتی پاکستانی برامان” نێومان هێناوە و ئەو “دەوڵەتی پاکستانی برامان” هیچکات لە مانای برایەتی تێنەگەیشتووە.
نوێنەری زاهیدان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە گشتی چوونکە جێگە و شوێنی ئەم گرووپە تیرۆریستییانە دیارە، داوامان لە دەوڵەتی ئێران ئەوەیە کە بە مووشەک بۆردوومانیان بکا، لەبەر ئەوەیکە هیچ هیوایەک بە دەوڵەتی پاکستان نییە لەم بوارەدا.
سپای پاسدارانی ئێران، پێشتریش لە ١٧ی خەرمانان، قەڵای حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و، لە شاری کۆیە مووشەک باران کرد و لە ئاکامدا زیاتر لە 50 کەس لە کادرو پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە شەهید و بریندار بوون.