“وەحید مەزڵوومین” ناسراو بە سوڵتانی سککەی زێڕ، لە دیوانی باڵای وڵات حوکمی سێدارەکەی پشتڕاست کرایەوە.
“سادق لاریجانی” بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی باسی لە پشتڕاستکرانەوەی حوکمی سێدارەی دوو گەندەڵی ئابووری کرد و گوتی: دوژمن پشتی بە شەڕی ئابووری بەستووە و، دەیهەوێ لەو ڕێگەیەوە زیان بە ئێران بگەیەنێ.
لاریجانی دۆینێ دووشەممە 30ی رەزبەر لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی فارس ڕایگەیاند دوو گەندەڵی ئابووری بە ناوەکانی “وەحید مەزڵوومین” و ” محەممەد سالم” لەسێدارە دەدرێن و، ئەوەش پەیامێکە بۆ دوژمنانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و، گەندەڵانی ئابووری کە بزانن چارەنووسی ئەو کەسانەی کە گەرەکیانە کێشە بۆ ئێران بنێنەوە چییە.
لە دوای گەمارۆکانی ئەمریکا لە 16ی گەلاوێژی ئەمساڵ، نرخی تمەن زیاتر لە دوو لەسەر سێی کەمیکردووە و بەشێکی بەرچاو لە بازاڕی ئێران ئیفلیج بووە.
ئەو دوو تۆمەتبارەش بە تاوانی کۆگا کردنی سککەکانی بازار دەسبەسەر و، حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.
دەگوترێ ئەوبڕیارەی دەزگای قەزایی بۆ خۆ دەرباز کردن لە گوشارەکان و چاوترساندنی بازاڕییانی ناڕازی و پاساوهێنانەوەیە بۆ هەرەس هێنانی ئابووریی ئێران.