چەندین ساڵە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم خەریکی تاڵانکردن و تێکدانی شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستانن و خەسار و زیانی زۆوریان بە ئەو شوێنەوارانە گەیاندووە.
بە پێی دوایین زانیارییەکان دیسان لە قەڵاتگە(ڕیکای)ی شنۆ، کە شوێنێکی کۆنە لە ڕووی ئاسەوار و شوێنەوارە مێژووییەکانەوە، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بە بێ هیچ خۆشاردنەوەو بە رۆژی ڕووناک خەریکی هەڵقەندن و تاڵانکردن شوێنەوارە مێژووییەکەی ئەو ناوچەیەن.
سەرچاوەیەک لەو بارەوە ڕایگەیاند: کاتێک چالاکانی مەدەنی و خەڵکی خەمخۆر ئەو تاڵان و لە ناوبردنەیان لە قاو دا، بە توندی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکرا، چونکە هەمووکات دامودەزگا ئەمنییەکان لە تێکدان و هەڵگرتن و تاڵانکردنی کەلوپەلە مێژووییەکان، دەستیان هەبووە و بەشێک بووە لە مافیای ناوەندە ئەمنییەکان.
شیاوی باسە دوای چەندین ساڵ لە ناسین و ئاشکرابوونی مێژووی “قەڵاتگە” ئێستا ماوەی دوو ساڵە ئەم شوێنەوارە کە بۆ سەردەمی ئورارتوو(پاشایی ئارارات) دەگەڕێتەوە، جگە لە تاڵان، ئەو شوێنە خەریکە خاپوور دەکرێ و شوێنەواری نامێنێ و ئەمە لە کاتێکدایە پاڕاستنی شوێنەوارە مێژووییەکان یەکێک لە ئەرکەکانی دەوڵەتە و، بە میراتی مرۆڤایەتی دەێتە ئەژمار.
هاووڵاتییەک لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند؛ کە ناوەندە ئەمنییەکان بە ڕۆژی ڕووناک بە مۆڵدانی چەکدارەکان، پێش لە هاتوچۆی خەڵکی گوندەکانی دەورووبەر دەگرن و بە بیل مکانیکی و کامیۆن خەریکی هەڵقەندن و تاڵانکردنی بەرد و سوفاڵ و کەلوپەلەکانی دیکەن و بۆ ئەو مەبەستەش تونێلی ١٥ مێترییان لێداوە.
هەروەها پێویستبەگوتنە تێکدانی شوێنەوارە مێژووییەکان کە بەشێکی هەرە گرینگە لە خەزینەو سامانی کەلتوور و مێژووی هەر گەلێک، زۆر جار بە هاوکاری کەسانی سووک نەفس و دەستوپێوەندییە ئەمنییەکان روو دەدا و، هەربۆیە چالاکانی مەدەنی و مێژوو دۆستانی کورد ، داواکارن لە خەڵک کە زیاتر وشیار بن و، هەوڵ بدەن تاڵانچییەکان لە قاو بدەن.
جێیئاماژەیە تێکدان و لە ناوبردن و دزینی شوێنەوارە مێژووییەکان کوردستان لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، لە دەوڵەتی ڕەفسەنجانی بەشێوە سیستەماتیک و بەرنامەداڕێژراو، دەستیپێکرد و ئێستاش هەر بەردەوامە.