دیاری کرانی شوێنی نوێی پاشماوەو زبڵی شاری مەریوان لە لایەن شارەوانی و شوڕای ئەو شارە، لە نیزیک ڕووباری “گردلان” ناڕەزایەتیی شەش گوندی ئەو شارەی لێکەوتەوە.
بە پێی هەواڵە بڵاو کراوەکان دانیشتووانی گوندەکانی “کولیج، شێخە کوێر، دەری، نشکان، وسنە و نەنە” ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ شوێنی نوێی ڕشتنی زبڵەکانی مەریوان لە نزیک ڕووباری “گردلان” دەربڕیوە.
مەودای شوێنی ڕشتنی زبڵيکان لەگەڵ ڕووبار تەنیا 300 میترە.
ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەم بارەوە ڕایگەیاندووە کە: “دیاری کردنی شوێنی ئاوا بە بارینی باران ئاوەچۆڕەی دەکەوێتە ناو ڕووبارەکەوەو تا ئاوبەندی داریان، پیس دەکا. ئاوی خواردنەوەی ئەم گوندانەش لەو یاوە پێکدێ و ئەو کارە درووست نییە و لە داهاتوودا کارەساتی ژینگەیی بەبار دێنێ”.
مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، هاوشارییانی مەریوانی لە پێوەندی لەگەڵ کۆنەکردنەوەی زبڵەکانیان لەلایەن شارەوانییەوە، لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی ئەو شارە کۆبوونەوەو زبڵەکانیان ئاگر تێبەردا.