روۆژی دووشەمە ٢٩ی ڕەزبەری ٩٧ی هەتاوی فەرشید هەکی، نووسەر و مافناس و ئابووریناسی ئێرانی، بە دەستی کەسانی نەناسراو لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا کوژرا.
فەرشید هەکی ڕاوێژکاری گۆڤاری توێژینەوە ئابوورییەکان و، یەکێک لە چالاکانی بواری منداڵانە کە ڕێکخراوی “پیشتازان توسعە”ی بۆ گرینگی دان بە منداڵانی شەقام، دامەزراندوە، رۆژی ڕابردوو بە شێوەیەکی دڵتەزێن بە دەستی کەسانی نەناسراو بە چەقۆ ئەنجن، ئەنجن کراوە.
عەبدولڕەزا داوەری بەرپرسی گۆڤاری توێژینەوە ئابوورییەکان و هاوکاری فەرشید هەکی، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندوە کە لە هۆکاری کوشتنی ئەو نووسەر و ڕەخنەگرە کۆمەڵایەتییە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.
شیاوی باسە فەرشید هەکی جیا لە نووسینی چەندین کتێبی تایبەت بە پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ، لەبوارەکانی ژینگەپارێز و مافی مرۆڤ کەسێکی چالاک بووەو لە چەندین کەمپەینی بەرچاوی مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزیدا ئەندام بووەو خاوەن چەندین بەرهەمی زانستییە.
دەگوترێ بکوژانی فەرشید هەکی، دوای کوشتنی تەرمەکەشیان سووتاندوە.
بە پێی قسە هێندێک لە ڕەخنەگران، ئەو شێوە کوشتنە لە ئێران وەبیرهێنەری کوشتنەکانی دەیەی هەفتای هەتاوییە، کە بە “قەتڵگەل زەنجیریی ” ناسراوەو، ناوەندە ئەمنییەکان چەندین کەس لە جیابیران و ڕەخنەگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە سەردەمی دەوڵەتی خاتەمی بە شێوە دڵتەزێن کوشت.