بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران و، ڕاگرتن و پچڕانی پێوەندییە ئابووررییەکانی وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ ئێران، ئاستی هەناردەکردنی کەلوپەل لە ئاڵمانەوە بۆ ئێران، دابەزیوە.
بەپێی ڕاپۆڕتی یەکیەتیی بانکەکانی ئاڵمان، لە هەشت مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ی زایینیەوە بڕی یەک میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن یورۆ ، ئاڵمان و ئێران مامەڵەی بازرگانییان هەبووە، کە لەچاو ساڵی ڕابردوو ئاستی پێوەندییە بازەرگانییەکانی ئەو دوو وڵاتە کەم بۆوەتەوە.
هەروەها بە پێی یورۆنیۆز، لە چەند مانگی ڕابردوودا نیوەی شیرکەت و کۆمپانیا تیجارییەکان، چالاکییەکانی خۆیانیان لە ئێران ڕاگرتووە.
ئەو شیرکەتانەش کە لە ئێران ماوەنەتەوە ئاسۆیەکی روونیان بۆ پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران نابین و، بەرەبەرە لە کشانەوەدان.
یەکیەتیی ئورووپاش سەرەڕای دامەزارندنی کاناڵی تایبەت بە گواستنەوەی پارە بۆ ئێران و، دەوردانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە، چونکە بەشێکی بەرچاو لە شیرکەتە ئورووپاییەکان لە ئێران کشاونەتەوە.
جێیئاماژەیە گوردوون سووندلەند، باڵیۆزی ئامریکا لەیەکیەتیی ئورووپا، هەوڵی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ هیشتنەوەی گرێبەستی” بەرجام” بێ ئەنجام زانی و، لەو بارەوە ڕایگەیاند؛ هەوڵی وڵاتانی ئورووپایی بۆ هێشتنەوەی “بەرجام” بێ ئاکام دەبێ ، چونکە ڕێکخراو و بنکە نێونەتەوەییەکان لەگەڵ ئێران هاوکاری ناکەن و، تا ئێستاش بەشێکی هەرەزۆر لە کۆمپانیا بازەرگانییەکانی جیهان، ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە.
باڵێۆزی ئامریکا لە یەکیەتیی ئورووپا، رۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەر بە وەبیرهێنانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران ڕووبە وڵاتانی ئورووپایی گوتی: شیرکەتەکان یەک ڕێگایان لە پێشدایە، یان دەبێ لەگەل ئێران پێوەندییان هەبێ، یان ئامریکا، نابێ لەگەڵ هەردوو وڵات پێوەندییان هەبێ.
بە پێی ناوەندی زانیاریی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، بڕیارە رۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، خولی دوویەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران وەگەڕ بخرێتەوە، کە کەرتی نەوت و وزەو زێڕ و ماشینسازی دەگرێتەوە.
بە پێی قسەی برایان هووک سەرۆکی کارگرووپی هەنگاونان بەدژی ئێران، ئامریکا دەیهەوێ ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان تا ئاستی سیفر دابەزێنێ.
هەروەها ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە زاری دۆناڵد تڕامپەوە بڵاوی کردەوە، کە ئامریکا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، گەرمارۆکان چڕتر دەکاتەوە و، هەڕەشەی لە وڵاتانی ئورووپایی کردوەو کە ئاگاداری ئاستی پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بن.