باوکی یەکێک لە شەهیدانی حیزبی دێموکرات و، کەسێکی خۆشناوی ناوچەی لەیلاخ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵێک کە لە شاری دێولانەوە بە دەستمان گەیشتووە، کاک محەممەد شێخ زەکریایی(موبارەکی) ناسراو بە حاجی کاکەحەمەی موارەکئاوا، باوکی شەهید ئەحمەد موبارەکی بە هۆی نەخۆشییەوە رۆژی ٢٨ی ڕەزبەر ماڵاوایی لە ژیان کرد.
جێی وەبیرهێنانەوەیە شەهید ئەحمەد موبارەکی ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە ئاوایی موارەکئاوای دێولان لە دایکبووە.
دوای وەرگرتنی دیپلۆم ، بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی تاران وەرگیرا، کە بە هۆی ئاڵۆزییەکان و، شەڕی نەخوازرای سەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێران ، وازی لە درێژەدان بە خوێندن هێناو، پەیوەستبوو بە ریزی پێشمەرگاکانی حیزبی دێموکراتەوە.
شەهید ئەحمەد لە ساڵی ٥٨وە لەگەڵ تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات پێوەندی هەبووەو، پاش بوون بە پێشمەرگەش ئازایانە لەچەندین عەمەلیاتی چەکداریی لە ناوچەکانی سنە، دێولان، قوروە و کامیاران بە دژی سپای داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بەشداریی کردووە و، لە یەكێک لەو عەمەلیاتانەش بریندار دەبێ.
ناوبراو ساڵی ٥٩ بۆ مەئمووریەتێکی حیزبی گەڕاوەتەوە نێوشار و، لە ڕێکەوتی ٢/١١/١٣٥٩ لەنێوشاری سنە دەسبەسەرکراو، دوای دووساڵ نیو زیندان و، ئەشکەنجەکران، لە ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ٦٢ ئێعدام دەکرێ و، تەنانەت ناوەندە ئەمنییەکان تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردەوە.
شیاوی باسە حاجی کاکەحەمە، باوکی شەهید ئەحمەد موبارەکی بۆماوەی یەکساڵ بە تاوانی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبی دێموکرات لەزیندانی شاری هەمەداندا بووە .
بە وتەی ناسیاوانی حاجی کاکەحەمە، کەسێکی خۆشناوی ناوچەی لەیلاخ و، دەوڵەمەندێکی خاوەن سەخاوەت و، جێی متمانەی خەڵکی ناوچەکە بووە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهید ئەحمەد موبارەکی ، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە خەڵکی ناوچەی لەیلاخ ، بەتایبەتی بنەماڵەی حاجی کاکەحەمەی موارەکئاوا دەکاو، خۆی لەخەم و پەژارەیان بە بەشدار دەزانێ.