ناوەندی “تەوانبەخشی” ئیدارەی گشتیی بێهزیستیی پارێزگای كرماشان ڕایگەیاندوه که ناوی ٣٠ هەزار كەم ئەندام لە لای بانكی هەواڵگریی بێهزیستیی كرماشان تۆمار كراوە، ئەوە لە حاڵێكدایە كە ژمارهی كەم ئەندامان لەم پارێزگایە زۆر لەوە زیاترە.
ئەم كاربەدەستەی ڕێكخراوی بێهزیستیی هیچ ئاماژەیەكی بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نەكردووە كە كرماشانیش بەشێك لەم هەرێمەیە، بەڵام سرووشتییە كە بەشێكی زۆر لەم كەم ئەندامانە، بەهۆی شەڕەوە تووشی ئەم نوقسانییە هاتبن كە لە یەكەمین ساڵی دامەزرانی كۆماری ئیسلامییەوە لە كوردستان لە ئارا دایە.
رەسووڵ ئەكبەرزادە لە كۆبوونەوەی ڕۆژنامەنووساندا كە بە بۆنەی حەوتووی بێهزیستی بەڕێوەچوو، گوتی: ئێستا ناوی نزیكەی ٣٠ هەزار كەمئەندام لە لای بانكی هەواڵگریی بێهزیستیی كرماشان تۆمار كراوە، بەڵام ڕێژەی ڕاستەقینەی كەم ئەندامان لەم پارێزگایە زۆر زیاتر لەو ئامارەیە، چونكە زۆربەی كەم ئەندامان سەردانی بێهزیستی ناكەن.
ناوبراو ههروهها گوتی ژمارهی بەساڵاچووانی ئەم پارێزگایەش له ١٦٧ هەزار كەس زیاتره.
ئەكبەرزادە دهڵێ تێچووی ڕاگرتنی هەركام لەم كەسانەی لە ناوەندە شەوانەڕۆژییەكان، لە مانگدا نزیكەی ٧٠٠ هەزار تا 1 میلیۆن تمەنه. ئهو ئیدیعا دهکا بێهزیستی نزیكەی ٤٠٠ هەزار تمەن لە بری ڕاگرتنی ئهوان تهرخان دهکاو باقی ئەم تێچوویە دەبێ بە هاوكاریی بنەماڵەكان دابین بكرێ.