عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە قسهکانی ڕۆژی شەممەی خۆیدا پێداگری لەسەر بەردەوامیی سیاسەتە ئهمنیهتیهكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا كردەوە.
عەلی خامنەیی كە بە بۆنەی جێژنی ڕەمەزان قسەی دەكرد، وێڕای دەستخۆشانە گوتن بە تیمی دانووستانكاری ئێران لە بابەت ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە، گوتی: ئێمە لە بارەی مەسەلەكانی پێوەندیدار بە دوو لایەن، مەسەلە ناوچەییو جیهانییەكان بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئامریكا دانووستان ناكەین، مەگەر لە هێندێك حاڵەتی تایبەتدا وەك مەسەلەی ناوكی كە پێشتریش دانیشتنی لەم چەشنەمان بووە.
ڕێبەری كۆماری ئیسلامی هەروەها گوتی: چ ئەم ڕەشنووسی پەسند بكرێو چە پەسند نەكرێ، ڕێگە بە هیچ كەس نادەین بنەما سەرەكییەكانی نیزامی ئیسلامیی ئێران خەوشدار بكا.
خامنەیی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: چ ئەم ڕەشنووسە پەسند بكرێ چ ڕەد بكرێتەوە، ئێمە دەست لە پشتیوانی كردنی دۆستانمان لە ناوچەدا هەڵناگرین، ئێمە هەر بە شێوەی ڕابردوو پشتیوانی لە خەڵكی فەلەستین، لە یەمەن، لە دەوڵەتی سووریە، لە دەوڵەتی عێراق، لە خەڵكی بەحرەینو لە موجاهیدەكانی لوبنان و فەلەستین دەكەین.
شایانی باسه دهست ئاوهڵایی ئێران بۆ دهستێوهردان له کاروباری وڵاتانی ناوچه دوای رێککهوتنی ئهتومیو ئازادکرانی زیاتر له ١٠٠ میلیارد دۆلار سامانی ئهو وڵاته نیگهرانیی زۆری لای وڵاته عهڕهبییهکانی دراوسێی ئێران دروست کردوه، بهڵام ئهمریکا دڵنیایی داوه بهو وڵاتانه کهله پشتیان دهبێو رێگهی دهستدرێژیو تهڕاتین به ئێران نادهن.