وێندی شێرمەن، نوێنەری پلەبەرزی ئامریكا بۆ وتووێژی ناوكی لهگهڵ ئێران لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند كە قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسی ئێران كە بە هۆی چالاكیی تیرۆریستی گەمارۆی خراوەتەسەر، هەروەها لە لیستی ڕەشی گەمارۆكاندا دەمێنێتەوە.
وێندی شێرمەن، جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕاشكاوی گوتی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسی ئێران له بهشی دهرهوهی وڵاتی سپای پاسدارانی ئێران لە فازی یەكەمی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆكاندا لە لیستی ڕەشی ئامریكادا دەمێنێتەوەو ئەم بابەتە چەند ساڵێك بەردەوام دەبێ.
قاسم سلێمانی لە ساڵی 2011 بەدوای پیلانی ناسەركەوتووانهی تیرۆری “عادڵ جوبەیر”، باڵوێزی ئەو كاتی عەرەبستان لە ئامریكاو وەزیری دەرەوەی ئێستای ئهو وڵاته خرایه لیستی ڕەشی گەمارۆكانهوه. كاربەدەستانی قەزایی ئامریكا دهڵێن ڕۆڵی سپای قودس لەم تیرۆرەدا حاشا ههڵنهگره و پاش دەسبەسەركرانی یەكێك لە بكەرانی ئەم هەوڵە ناسەركەوتوویە، قاسم سلێمانیش لە لیستی گەمارۆكانی ئامریكا خرا.
قاسم سلێمانی پێشتریش لە لیستی گەمارۆكانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا بوو، بەڵام ئەم كات بە تاوانی چالاكیی ئەتۆمی لە لیستهی گەمارۆكان خرابوو.
وێندی شێرمەن لە وەڵامی پرسیارێکدا که بۆچی ناوی قاسم سولهیمانی له لیستی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان دایه، گوتی ئهو قاسم سولهیمانییهی ناوی لەم لیستەدا هاتووه، قاسم سولهیمانیی فهرماندهی سپای قودس نییهو بەڕێوەبەری كانگایەكی ئۆرانیومە. بەڵام قاسم سلێمانیی فەرماندەی سپای قودس بە هۆی پشتیوانی كردن لە تیرۆریزم لە لیستی دژە تیرۆری ئامریكادا دهمێنێتهوه.