بە پێی هەواڵێک کە لە ئیلامەوە بەدەستمان گەیشتوە، لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر “ژاکان باران” شاعیری دەروەستی ئیلامی، رۆژی ٢٥ی ڕەزبەر پارێزەرانی ئەو شاعیرە کوردە، بەرگرینامەی خۆیانیان ڕادەستی دادگا کرد.
بە پێی قسەی مەعسوومە فەیلی و حەبیبوڵڵا توورەنگ، دوو پارێزەری “ژاکان باران” ، ئەو لاوە ئیلامییە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شاری مەلەکشا و، ئیلامەوە، ١٥ تۆمەتی ئەمنیەتی وەپاڵ خراوەو بۆ سزادانی لە دادگای ئینقلابی پارێزگای ئیلام پەروەندەیان بۆ کردووتەوە.
ئەو تاوانبارکردنانە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ساڵێکە ناوەندە ئەمنییەکان هیچ بەڵگەیەکی قایمیان لە پێوەندی لەگەڵ “ژاکان باران” نەخستووتەڕوو.
تەنیا بە کۆپی کردنی چەند بابەت و، وتار لە ماڵپەڕەکان کە ئیدیعا دەکەن بە قەڵەمی ژاکان باران نووسراوە، دەیانهەوێ ئەو چالاکە فەرهەنگییە سزا بدەن.
شیاوی باسە ژاکان باران تەنیا لە هەمبەر شێعر و بابەتگەلێک کە لاپەڕەی فەرمیی خۆی بڵاوی کردووتەوە، خۆی بە بەرپرسیار زانیوە و، ناوەندە ئەمنیەکانیش بە هەڵچنینی یەک بەیت لە شێعرێکی ئەو شاعیرە بە بیانووی بێڕیزی کردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام، دەیهانهەوێت بە توندی سزا بدرێت.
لەو ١٥ تۆمەتە کە بەسەر “ژاکان باران” سەپاوە، بەرچاوترینی بریتین لە؛ هەوڵدان بەدژی ئاسایشی نیشتمانی، بەشداریی کردن لە خۆپێشاندانەکان و، ڕێکخستنی کۆبوونەوەی نایاسایی، دروشم نووسین بەدژی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئیلام، بێڕیزی کردن بە ڕێبەری باڵای ڕێژیم، وتووێژکردن لەگەڵ راگەیاندنەکانی دەروەی وڵات…
شیاوی باسە ئەو شاعیرە مەلەکشاییە، رۆژی ٢٤ی بەفرانباری ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە لایەن هێزەئەمنییەکانی شاری ئیلام، دەسبەسەرکراو رۆژی ٧ی ڕێبەندان بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.