گەلۆ، سەیر کەن ئەم بیابان و پێدەشتە چلۆن خەمڵاوە، ئەم خۆڵ و خاکە چۆن بە خوێن و فرمێسک و گوڵ و ئاڵا ڕەنگاوە.
سەیرکەن هیجرەتی ئەم کاروانە ئاڵاپۆشە و ئەو کۆچەرییە ڕەشپۆشە چۆن دەستەملان و ئاوێتەی یەکبوون، مەرگ بۆ لە یەکی دابڕین و دابڕان چ داخێکی نایە سەر دڵیان؟ چ کۆستێکی پڕ لە ناسۆر و چ ناسۆرێکی بەژان و چ ژانێکی بێ ئارامە.
ئێرە شەقامی شەهیدە، چ گوڵستانێکە ئەم دەڤەرە، ئێرە وێستگەی سەفەرە، سەفەرێکی دوور دوور و بێ کۆتایی و بێ سپێدە.
ماڵئاوا، گەردنت ئازا، ئۆغر کە هاوڕێم، ئێرە وێستگەی کۆچی ڕووحی خەونەکانە، ئەمە خەنەبەندانی خاک و خەم و خوێنە، ژوانگەی ماچی کێل و گوڵ و گڵکۆیە، لێرە نە پەنجەکانی بابە قژ و پرچی جگەرگۆشەی شانە دەکا و نە بزەی سەر لێوی دایە سێبووریی خەمەکانە. ئەمە گڵکۆی گوڵ بارانی یەکە یەکەی شەهیدانە، ئێرە مەزار و مەنزڵگەی سەروەرانە، قەڵای باوەڕ و ئیمانە، قەڵای پەیمان و وەفایە، قەڵای نەمری و سەروەرییە.
گەلۆ، سەيری کەن چ ڕەنگینن ئەو خوێنانەی کە لە پێناو ئازادیی نیشتماندا تێکەڵ بە خاک بوون، سەیر کەن هەنیسک و فرمێسک و ئامێزی گڵکۆ و بێدەنگیی ڕوح چۆن ئاوێتەی یەک بوون، چ گریانێکی جەرگبڕ و چ کارەساتێکی ناخ هەژێن. چ دڵهەژێنە کە جەستە و ڕووح و مەزار یەکتر لە ئامێز دەگرن، ئەوانە لە ڕەگەزی چیای سوتمان و دارەبەنن کە بەم هەموو زام و ئازارەوە ئارام دەگرن.
هاوڕێم!
کەمێ گوێ لە هەستی ئەم بێ ناز و نازلێشێواوانە بگرە، ساتێ لەگەڵ خەمی ناخی ئەواندا بژی، بزانە لە حاست ئازاری ئەو مەرگەساتە چۆن بەرگە دەگری؟
ئەی جگەرگۆشەی شەهید، خانزادە خەمناکەکەی داوێنی قەڵای باوەڕ، نەوبووکە کۆست کەوتووە کۆچەرییەکەی غوربەت، لە قەدپاڵی چیای خۆرنەوازان، بڵێ با مامە سێوە بە لایە لایەی ئازادیی کەمێ خەمەکانت بۆ ڕاژێنێ و تارای سووری بووکێنیت بۆ لادا، بڵێ من پەڕسێلکەیەکی کۆچەریم، دوور لە دیار هێلانەکەم لێ تۆراوە، با مامە تاهیر بە شیرین بەهارەکەی کەمێ ڕەنگی خەزان وەلابنێ و حاجی هۆنراوەی هەژانت بۆ بهۆنێتەوە.
چما تۆ دەبێ لە ڕەگەزی چ نەتەوەیەک و لە تۆرەمەی چ هۆزێک بی کە ئەوەندە بەهێزی کە ئازار دەتهەژێنێ بەڵام ناتبەزێنێ؟ چ کارەسات و مەرگەساتێکە ئەم خەزانی غوربەتە، ئێرە ژوانگەی ئەشقە ناکامەکانە، وێستگەی ئەو زاتە مەزنانەیە کە لە ئارەزووی دیداری ئازادیدا سەریان نایەوە. ئێرە وێستگەی ماڵئاوایی ئەو نەونەمام و نەوبووکانەیە کە خەونی ئازادیی نیشتمان ئازاریی دووریی کەس و کار و زێد و وڵاتی بیر بردوونەوە، هەزار حەیف و سەد مخابن خەمخۆرانی خاک وەک پەپوولە لە دەوری شەمی ئازادیی سووتان و مخابن نە دێنەوە و نە ڕادەبن. ڕۆژێک دەبنە چیرۆک و سەربردە و ڕۆمان و ژیلەمۆ، دەبنە وانەی بەرخۆدان تاکوو لاوەکان بۆ داستانی تۆڵە ڕابن.
کەریم فەرخەپوور
٢٨ی خەرمانانی
١٣٩٧
1.
2.
3.
4.
5.
6.
7.
8.
9.
10.
11.
12.
13.
14.
15.
16.
17.
18.
19.
20.
21.
22.
23.
24.
25.
26.
27.
28.