مامۆستا ئیسمایل پاکزاد، ناسراو بە “سمکۆپاکزاد” دنیای هونەری بەجێهێشت.
هونەرمەندو ئەدیبی کورد، مامۆستا سمکۆپاکزاد دوای تەمەنێک خزمەت بە هونەری نێگارکێشی و ئەدەبی کوردی ئەمڕۆ ٢٧ی ڕەزبەر دڵە پڕ لە هیوا و ئاواتەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا سمکۆپاکزاد لە ساڵی ١٣٥٩ هەتاوی دیپلۆمی وەرگرتووەو هەر لە هەڕەتی لاویەتی خولیای هونەری نێگارکێشی و ئەدەب و وێژەی کوردی بووەو، لە خانەی جەوانانی مەهابادەوە لە خزمەت مامۆستا حوسێن قەلعەجۆغەیی فێری شێوەکاری و نێگارکێشی بووە.
دوای دووساڵ خۆ ماندوو کردن لە کێبەرکێیەکانی خانەی جەوانان توانی لە ئاستی ئێراندا سەرکەوتن وەدەست بهێنت و، بە میداڵی زێڕ خەڵات کرا.
مامۆستا سمکۆ پاکزاد شۆڕشی گەلانی ئێران، هەر درێژەی بە کارە هونەرییەکانی خۆی دا ، بەڵام بوو بژیوی ژیان ڕووی لە میکانیکی و تەعمیراتی ماشین کرد، و لە پەنای ئەو کارەش هیچ کات لە نواندنی تابلۆی جوان و، خوێندنەوەی کتێب غافڵ نەبوو و، یەکێک بووە لە چالاکانی فەرهەنگی شاری مەهاباد.
ئەو هونەرمەندە شێوەکارە بەهەستی بەربەرین و پاراو لە جوانی لە هەڵمەتێکی بێوێنەدا دەستیدایە نەخشاندنی بەشێک لە مێژووی کەسایەتییە مەزنەکانی کوردو، ڕوومەتی نیزیک بە ١٥٠ کەسایەتی لە شاعێران، نووسەران، گۆرانیبێژان و، فۆلکلۆربێژانی لەسەر تابلۆ کێشاوەتەوە.
ئەو لە دەلاقەی هونەر و، شێوەکاریدا تەنیا مەبستی زیندوو راگرتن و ناساندنی سیما ناسراوەکانی مێژووی یەک سەدەی رابردوو بوو کە بە حەق نیهێشت تۆزی فرامۆشی لەسەریان بنیشێ.
ئەو شێوەکارە نیزیکەی 20 پێشانگای تایبەتی و، گشتی لە شاری مەهاباد و، لە شاری سلێمانی لە مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە بەڕێوەبردووە.
سمکۆپاکزاد کە ئۆگری مامۆستا هێمن دەبێ، هەر ئەوەش پاڵنەرێک بووەو بۆ ئەوەی بە وردی سەرنجی ئەدەبیاتی کوردی بدات و، بەدەنگ گەرم و زۆڵاڵەکەی شێعرە کوردییەکان دیکلمەی بکات.
بە گوتەی ناسیاوانی مامۆستا سمکۆ پاکزاد، نموونەی هونەرمەندێکی نەتەوەیی، مرۆڤێکی خاكی و خاکدۆست و کەسایەتییەکی تا سەر ئیسقان نیستمانپەروەو بوو، کە دوای ژیانێک پڕاوپڕ لە جوانی نەخشاندن و، بە یادگار هێشتن لە خۆی، رۆژی هەینی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای بەداخبوونی لە مەرگی ناوادەی هونەرمەند مامۆستا سمکۆ پاکزاد، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە کۆمەڵگەی هونەرمەندانی دەروەستی کورد و، سەرجەم کەسوکارو، بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە نیشتمانپەروەرە دەکات و، خۆی لە خەمیان بەشەریک و بەشدار دەزانێ.