له ئاوایی خانەگێی نیزیک مەهاباد، ژنێکی بە ناوی لەیلا محەممەد چوکەڵی، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدا، بێ ئەوەش کە ئیزن بە لێکۆڵینەوەی پزشکیی قانوونی بدرێ، بە بێدەنگی تەرمەکەیان ناشت.
لەیلا محەممەد چوکەڵی، سیغەکراوی “داوود زاهیری” بازپرسی شوعبەی ٢ی دادگای مەهاباد بوو. هەر ئەو کەسەی کە بەرپرسی کەیسی فەریناز خوسرەوانیو هۆکارو بڕیاردەری گیرانو ئەشکەنجەی لاوانی خۆپێشاندەری رۆژی ١٧ی بانەمەڕە.
بهپێی زانیارییهکان دوای ئەوەی دوو برای لەیلا بە تاوانی قاچاخچیەتی لە زیندان دەکرێن، زاهیری بە هەڕەشەو فرت و فێڵی ئازادکردنی براکانی، خۆ لە لەیلا نیزیک دەکاتەوە. پێوەندییەکە بۆ ئاستی “سیغە”و مارەکردنی کاتی دەگوازێتەوەو دوا جاریش کە لەیلا پێداگری لە سەر مارەکردنو زەماوەندی بە یەکجاری لێدەکا و فشاری دهخاته سهر، زاهیری قەبوڵی ناکاو لە ترسی دەنگدانەوەی ئەم پێوەندیە، دڕندانە دەیکوژێو گیانی لێ دەستێنێ.
بهپێی ڕاپۆرتی ڕۆژههڵات تایمز، دوای کوژرانی لەیلا تەرمەکەی دەبەنە نەخۆشخانەی مەهاباد. بەڵام دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی رێگایان نەدا پزیشکی قانوونی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مەرگ یان کوژرانی بکاو دوایه شورای تەئمینی ئوستان بۆ زیاتر شاردنەوەو پاساودانی ئەم کردەوەیە، داوود زاهیری ناچار دەکا لە سەر ئاگاداریی مەرگ و کۆڕی پرسەو سەرەخۆشیی لەیلا بنووسرێ “هاوسەری داوود زاهیری، بازپرسی شوعبەی ٢ی دادگای مەهاباد”. بەم جۆرە هۆکاری مردنەکەیان لە کوژران بە دەستی زاهیریەوە بۆ مەرگی هاوسەری زاهیری شاردەوە.
داوود زاهیری بازپرسی شوعبەی ٢ی دادگای مەهاباد، خەڵکی شارەدێی ئێخچی لە سەر رێگای تەورێزە. ئەو یەکێک لە مۆرە هەرە گەندەڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بەڵام تاکە مۆرەی گەندەڵ نییەو رووداوی مەرگی لەیلا محەممەد چوکەڵیش تاکە نمونەی شکاندنی کەرامەتی ژنی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی و مۆرە گەندەڵ و سەرکوتکەرەکانی لە کوردستان نییە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٣٥ ساڵی رابردوو دا بەردوام سیاسەتی سەرکوت، “سواستفادە’، بنکۆڵ کردنی کۆمەڵگا، تێکدانی نەریتەکانی و روخاندنی کەرامەتی ئینسانی کورد بە تایبەت ژنی کوردی گرتۆتە پێش و ئەو مۆرە گەندەڵانە لە کوردستان بەرهەمی ئەم سیستمە گەندەڵەنو مەرگی فەریناز خوسرەوانی و لەیلا محەممەد چوکەڵی، تاکە نمونەی ئەم سیاسەتە گەندەڵە و رووداوی بە هەڵکەوت نین.