ئامادەبوانی بەڕێز
خوشک وبرایانی ئازیز
ئەمڕۆ چل ڕۆژ بەسەر ڕووداوی موشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەدەوروبەری شاری کۆیە ولەلایەن ڕێژیمی جینایەتکارو دژبەکوردی کۆماری ئیسلامی ئێران تێپەڕ دەبێ، کارەساتێک کەتێیدا ۱٤ ئەندامی رێبەری و کادر و پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و ۲ مامۆستای فێرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ،شەهیدبوون و٤۰کەسی دیکەش بریندار بوون کەلەنێویاندا ژن وتەنانەت منداڵیش بەر چاو دەکەون.
ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە خەم وپەژارەیەکی لە ڕادەبەدەری خستە سەردڵ ودەرونی هەموولایەک وهەموولایەکیش هەڵوێستی خۆی بەرانبەربەم جینایەتە دەربڕی کەلەنێویان دا هەڵوێستی یەکگرتوانەی حیزب وڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وهاوسۆزی وهاودەردی و هاوکاری خەڵک وحیزب ولایەنەکانی باشووری کوردستان ونیشتمانپەروەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان وهەروەها کۆڕوکۆمەڵەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ جێی سەرنج وپێزانین بوو، بەتایبەت لەسەربانگەوازی ناوەندی هاوکاری ولایەنەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەلات، خەڵکی کوردستان ،رۆژی ۲۱ی خەرمانان، لەمانگرتنێکی تێکڕایی لەسەرانسە ری کوردستانی ئیران دا ،وێڕای مەحکووم کردنی ئەو جینایەتە و لە سێدارەدانی سێ رۆڵەی نیشتمانپەروەری گەلەکەمان شەهیدان رامین حوسین پەناهی و لوقمان و زانیار مورادی، هاوسۆزی وبە دەنگەوەهاتنی خۆیان لەگەڵ حیزب وڕێکخراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات نیشاندا وپەیامیان بەحیزب وڕێکخراوە سیاسییەکان دا کە یەکگرتوویی ئەوان هۆی یەکدەنگی وهاو هەڵوێستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە ولەهەمان کات دا پەیامیان بۆکۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەبوو کەبە دەنگی حیزب وڕێکخراوەکانی خۆیانەوەدێن و ویست وداخوازی ئەوان هی هەموو خەڵکی کوردستانە لەلایەکی دیکەوە نیشانی دا کەبزووتنەوەی کوردستان چەندە بەهێزە ولەڕەوتی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران دا چەندە پێداگرو شوێندانەرە.
ئێمە وەک ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێرای یادکردنەوە لەشەهیدانی ۱۷ی خەرمانان و مەحکووم کردنی ئەو کردەوە جینایەتکارانەی ڕێژیم، داوا لەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وهەموو ناوەندەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ و دادپەروەری وبیروڕای گشتی دەکەین لەهەرڕێکایەکی مومکینەوە بەر بە سەرشێتی وهەوسارپچڕاوی وسەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرن وڕێگا نەدەن ڕۆڵەکانی کورد لەشێوەی جۆراوجۆردا گیانیان لێ بستێندرێ.
سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی ۱۷ی خەرمانانی ۹۷ ۱۳هەتاوی، یادوناویان بەرزو بەڕێز، ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوار.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران.
۲٥ ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ هەتاوی