وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند؛ کە ئەو وەزارەتخانەیە باڵیوزی پاکستانی لە تاران بانگکردوەو، لەو وڵاتە داوای کردووە، بە پەلە هەموو تواناو، ئیمکاناتی خۆیان بە کار بهێنن بۆ ڕزگار کردنی هێزە ڕفێندراوەکانی کۆماری ئیسلامی .
بە پێی هەواڵدەریی ئیرنا، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: رۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر داوامان لە وڵاتی پاکستان کردووە بۆ دەسبەسەر کردنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی هاوکارییان بکات.
لە بەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی پاکستانیش رایگەیاندوە کە خەریکە بەدواچوون بۆ ئەو بابەتە دەکا.
هەروەها ئاشکرای کرد کە هێزە چەکدارەکانی هەردوو وڵات لە حاڵی بەڕێوەبردنی چالاکییەکی هاوبەشن، بۆ دۆزینەوەی شوێنی ڕاگرتنی سنوورپارێزانی ڕفێندراو.
لە لایەکی دیکەش بەرپرسانی سیاسی و، نیزامی کۆماری ئیسلامی چەندین کەڕەت ڕەخنەی توندیان لە وڵاتی پاکستان گرتووە، کە لە دابینکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی دوو وڵات کەمتەرخەمە و، کێشەیان بۆ کۆماری ئیسلامی ساز کردووە.
کۆماری ئیسلامیش هەروەکوو سنوورەکانی کوردستان تاکوو ئێستا زیاتر لە دووجار بۆ نێوخاکی پاکستان ڕاکێتی هاوێشتووەو ئەمەش نیگەرانی و تووڕەیی بەرپرسانی پاکستانی لێکەوتۆتەوە.
جێیئاماژەیە رۆژی سێشەممە١٤ کەس لە هێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن گرووپی “جیش العدل” وە ڕفێندران و، هەروەها پایگایەکی نیزامییان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە تەواوی لە چەکوچۆڵ بەتاڵ کردوە.
ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای پاسداران وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایانگەیاند کە دەستی کەسانی سیخوڕ و نەفووزی تێدا هەبووە.
شیاوی باسە گرووپی چەکداری “جیش العدل” خۆی بە داکۆکیکاری مافی پێشێلکراوی خەڵکی بەلووچستان دەزانێ و، دەیان جار بە شێوەی چەکداریی لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنووریەکانی سیستان و بەلووچستان بەشەڕ هاتوون.