عەلیڕەزا بهێشتی کوڕی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەید محەممەد حوسێنی بێهشتی، لە وتووێژێکدا لە گەڵ رۆژنامەی “عصر ایران” سەبارەت بە دۆخی ئێستای خەڵکی ئێران و، سیستەمی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک باسی خستوتەڕوو.
لەووتووێژەدا بە دانپێدانان بە کەڵەکەبوونی گرفتەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند؛ لە ئێرانی ئێستادا شتێک بەناوی متمانە نەماوەو ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکارامەیی بەرپرسان و، بەڕێوەبەریی وڵات.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە جۆرەکانی نەمانی متمانە لە ئێران کە بە خەسارێکی گەورەی لە قەڵەم داوە، دەڵێ: “هەڵسوکەوتی ئێمە دژبەیەکە، لە لایەک دەڵێین پشتیوانی ئێمە خەڵکە، و لەلایەک دیکەش متمانەو باوەڕمان بە خەڵک نیە.ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە لە خەڵک “بەڵێ سەرچاو گوتنمان ویستوە”و هەرکاتێکیش لە هەمبەر ڕەفتارو هەڵسوکەوتی ئێمەدا ڕابوەستن و ڕەخنەیان هەبە ، ئێدی بە سەرەڕۆیان دەزانین و، بە شێوەی ئەمنییەتی رووبەڕوویان دەبینەوە”.
عەلیڕەزا بێهشتی بە ڕەخنەگرتن لە بابەتە سیاسییەکانی وڵات بۆ نموونە هەڵبژاردن، لەو بارەوە دەڵێ : “لە هەڵبژادنەکانی ئێراندا خەڵک ڕەش وڕووت و “سیالەشکەر”ن و، هەموو باڵەکانی نیزام، تەنیا هەستی خەڵک، دەورووژێنن بۆ گەیشتن بەدەسەڵات.
لە درێژەی ئەو وتووێژەدا عەلیڕەزا بێهشتی بە باس کردن لە ملنەدانی خەڵکی ئێران بە یاسا حکوومییەکان لەو بارەوە دەڵێ: “ئەگەر خەڵکی ئێران ڕەچاوی هێندێک یاسا ناکەن، هۆکاری ئەوەیە زۆرجار بەدەستی یاساکانی دیکە چەوساوەنەتەوە و، ٤٠ ساڵە بەم شێوە سیاسەتمان کردوەو، بە بەراوەرد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کارنامەیەکی ناسەرکەوتوومان هەیە.
لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا نە کەس ڕاشکاوانە دەڵێ هەڵەم کردەوەو نە ڕێگا بە ڕەخنەگرتنیش دەدرێت”.
عەلیڕەزا بێهشتی بە ئاماژەدان بە گڕێبەستی ڕێکخراوی FATF ، ترسی بەشێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی لە قبووڵ کردنی ئەو گرێبەستە، نیشان لە دابەزینی ئاستی ئاگاهی زانی و لەو بارەوە گوتی: “دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەیە زانیاریی ڕاست ودروست بە خەڵک بدا، هەتا ئەوان بڕیادرەبن، بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان و، لە ناوبردنی متمانەی کۆمەڵگە، بە کەیف و ویستی خۆیان شت بڵاودەکەنەوە”.
ناوبراو لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا دەڵێ؛ با ڕەوایی حکوومەت بگەڕێتەوە بۆ خەڵک و، دەسەڵات بۆ دەربازبوونی لە کێشەکان دەبێ ڕێگە بە بەشداریی سیاسی بدات و، بێگومان لە نێو ٨٠ میلیۆن خەڵکی ئێران، فیکر و بیرۆکەی نوێ بوو باشتر ئیدارەکردنی وڵات هەیە و، نابێ هەر کۆمەڵە بەرپرسێک بڕیاردەربن و، خەڵک دەبێ لە دانانی یاساکان و، شێوە سیستەمی ئیدارەی وڵاتی خۆیان بەشدار بن و، ئەگەر پرسێک وەکوو ڕێفڕاندۆم مەترسیدارە ، دەبووا وڵاتێک بەناوی “سوئیس” ( کە سیستەمە حکوومەتییەکەی فیدراڵییە) ئێستا پەرش وبڵاو بووایە.