“سامان نەسیم”، زیندانیی سیاسیی دەسبەسەرکراو لە گرتووخانەی ورمێ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادکرا.
حوکمی سێدارەی ناوبراو لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٦لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ بۆ ٥ ساڵ زیندان دابەزی و بە پێی ئەو ماوەیەی کە لە گرتووخانەکەدا مابۆوە دەبوایە هەر ئەوکات ئازاد کرابا، بەڵام لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە تووشی دۆسییەیەکی دیکە بۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆڕتی ماف نیوز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەزبەری١٣٩٧ “سامان نەسیم” زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ، بە دانانی بارمتە بە بڕی ٥٠٠ میلیۆن تمەن، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سامان نەسیم سەرەڕای ئەوەیکە حوکمەکەی لە سێدارەوە بۆ ٥ ساڵ دابەزیوەو ماوەی حوکمەکەشی تێپەڕاندووە، بەڵام تووشی پەروەندەیەکی نوێ بۆتەوەو لەو دۆسییە نوێیەدا، ئەندامانی بنەماڵەی ئەندامێکی سپای پااسداران کە لە شەڕو تێکهەڵچوونی ٢٦ی پووشپەری ١٣٩٠ کوژراوە و، ٣ ئەندامی دیکەش لەم شەڕەدا بریندار ببوون داوای “قەساس”یان بۆ “سامان نەسیم” کردووە.
“سامان نەسیم” لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوییە.
ناوبراو لە تەمەنی 17 ساڵییەوە دەسبەسەرکراوە و لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە دوای دووساڵ لە دەسبەسەرکرانی، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە “شەڕ لەگەڵ خوا” و ” فساد فیالارض” لە ڕێگەی چالاکیی چەکدارانە” و “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم” تۆمەتبارکراو، لە ئاکامدا حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوەو لە خەزەڵوەری هەمانساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتیش پشتڕاست کرایەوە.
بە وتەی سامان نەسیم، لە ماوەی لێکۆڵێنەوە بەراییەکان ڕێگەی هەبوونی بریکاریان پێ نەداوە.
ناوبراو دەڵێ، لە ماوەی ڕاگیرانیدا بە دەرهێنانی نینۆکەکانی دەست و پێی و هەڵواسینی سەراوبن بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر ئەشکەنجە دراوە.