“هوشیار کەسرایی” دوای سێ مانگ لە دەسبەسەرکرانی و “رزگار مەعرووف” لە “شنۆ” بۆ ماوەیەکی کاتیی ئازاد کران.
ئەو دوو کەسە بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەرکرابوون.
هاوکات لە گەڵ ئازاد کردنی ئەو دوو کەسە، رۆژنامەنووسێک لە “مەریوان” و خوێندکارێکی زانکۆ لە “کرماشان” لە لایەن هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەرکران.
بەپێی راپۆرتی هەوڵدەریی ناوەندی “دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان”، رۆژی سێشەممە ٢٤ی رەزبەری ١٣٩٧ ی هەتاوی ،”هوشیار کەسرایی” ٤١ ساڵە، کوڕی “ڕەشید” خەڵکی گوندی ” نێ”ی “مەریوان” ،دوایی لێپرسینەوە ،بە بارمتەی دووسەد میلیۆن تمەنی ،تا کاتی دادگایی کردنیی لە بەندیخانەی “مەریوان” ئازادکرا.
ناوبراو رۆژی چوارشەممە ١١ی رەزبەر لە ئیدارەی ئیتتلاعاتی شاری “سنە”وە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان،بەندکرابوو و لەو ماوەیەدا مافی پێوەندیی گرتنی لە گەڵ دەرەوەی زیندانی نەبووەو، لە چاوپێکەوتن لە گەڵ کەس و کاری و لە مافی هەبوونی وەکیل بێبەش کرابوو.
هاوکات “رزگار مەعرووف” کوڕی “ئەحمەد” خوێندکاریی بەشی میعماری لە زانکۆی “ورمێ” خەڵکی ” دەشتەبێڵ”ی سەربە شاری شنۆ، دوای ١٠ رۆژ لە دەسبەسەرکرانی بە بارمتەی ١٣٠ میلیۆن تمەن ئازاد کرا.
شایانی ئاماژەیە کە رۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەر “عەلی سۆهرابی لەک” ٢٩ ساڵە،خوێندکاری بەشی فیزیک لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتتلاعات ،بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان و دژایەتی لە گەڵ نیزام دەسبەسەر کرا.
ناوبراو جارێکی تر لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییەوە بە هەمان تۆمەت دەسبەسەرکرابوو.
رۆژی پێنجشەممە ١٩ی رەزبەر ، رۆژنامەنووسیکی دیکە بە نێوی ” محەممەد رەستگار کەریمی” بێ مۆڵەتی یاسایی ، لە لایەن هێزەکانی کۆماریی ئیسلامی ئێرانەوە، دوای ئەوەی کە ماڵەکەی گەڕان، دەستیان بە سەر هەموو کەلوپەلەکانی وەک کامپیوتێر و کامێرای فیلمبەرداری داگرت و، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.