“نێرگس محەممەدی” جێگری سەرۆکی ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤ، کە لە زیندان دایە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە پشتیوانیی خۆی لە مانگرتنی مامۆستایان دەردەبڕێ.
ناوبراو ڕایگەیاند کە بەدواداچوونی بۆ مافە ڕەواکانی مامۆستایان دەکا کە بە شێوەی مەدەنی ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و مانیان گرتووە.
“نێرگس محەممەدی” لە راگەیەندراوەکە ئیشارەی بەوە کردووە کە مانگرتن بە شێوەی قانوونی و دوور لە توندوتیژیی یە و، نابێ هیچ کەس لە سەر مانگرتن دەسبەسەر و دادگایی بکرێ.
ناوبراو رایگەیاند کە مانگرتنی مامۆستایان لە رۆژەکانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر بە شێوەیەکی مەدەنی و دوور لە تووند و تیژیی دەستی پێکردووە و چاوەڕوان دەکرێ کە هەموو چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراو و دامەزراوە ناحکوومییەکان پشتگیری لێبکەن و ببێتە بەرەیەکی بەهێز و یەکگرتوو.
من وەک یەکێک لە چالاکان و پشتیوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوانی خۆم لە مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایان دەردەبڕم و، داواکارم لە مامۆستایانی بەندکراو ئازاد بکرێن.
مانگرتنی سەرانسەریی مامۆستایان رۆژی دووشەممە پێنایە دووهەم رۆژی خۆی . شۆڕای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێران، حەوتووی ڕابردوو داوای کرد کە مامۆستایان لە شوێنی کاری خۆیان مان بگرن.
جێبەجی نەکردنی قانوونی بەڕێوەبەریی وڵات، زیادنەکردنی مووچەی مامۆستایان و کۆمەڵێک کێشەی ژیان و گوزەران بوونە هۆی مانگرتنی مامۆستایان. داواکاریی مامۆستایان بریتییە لە نەهێشتنی هەڵاواردن لە نیزامی پەروەردە، ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو،ئیزنی مانگرتن و پێکهێنانی ڕێکخراو و، کۆبوونەوەی ئیزنی مانگرتن، نەهێشتنی لەمپەر و پێشێلکاری لە سەر خوێندنی بی بەرانبەر و بیمەی بێکاریی.