پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ٢٣ ی ڕەزبەر، کۆڵبەریکی کورد بە ناوی “کاوە دشمیر” خەڵکی گوندی “گەزگەسک”ی ناوچەی پیرانشار بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندیی بریندار بوو.
ئەو کۆڵبەرە کوردە بە شێوەیەکی نایاسایی کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و، بریندار بوو.
ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
شایانی ئاماژەیە کە چەند رۆژ لەوەبەر کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە ناوچەی سەردەشت بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوو.
هەر لەم پێوەندیەدا لە وتوووێژێک لە “ئیلنا” ‘ حوسێن زوڵفەقاری” جێگری سیاسی_ ئەمنییەتی وەزیر نێوخۆ رایگەیاند؛ کە ئیتر ئێمە هیچ توێژێکمان بە نێوی کۆڵبەر نییەو، نازانم دەستەواژەی کۆڵبەر لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. ناوبراو گوتی کە ئەوانە قاچاخچین و بە شێوەیەکی نایاسایی سنوورەکان دەبەزێننن و تەقەیان لێدەکەین.
جێی باسە کە بە هۆی بێکاری و برسیەتی و نەدارییەوە خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان ، بۆ بژیوی ژیانی خۆیان و ماڵ و مناڵیان ،لە ناوچە سنووریەکان خەریکی کۆڵبەرین و ئەو رێگە مەترسیدارە دەگرنە بەر.