فیلمی “دوایین ئامێز” بە دەرهێنەری سامان حوسێنپوور له دووهەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “سیمی یۆنان” چوار خەڵاتی سەرەکیی فستیڤاڵەکەی بردەوە.
ناسناوی باشترین فیلمی فستیڤاڵ بەخشرا بە سامان حوسێنپوور بە بۆنەی بەرهەمهێنانی کورتە فیلمی “دوایین ئامێز” و، هەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنەریش بەو دەرهێنەرە درا.
هەر لەو فستیڤاڵەدا خەڵاتی باشترین دیزانی دەنگ بە هاوبەشی بەخشرا بە زانیار لوتفی و سامان حوسێنپوور .
هەروەها لە بەشی ئەکتەرەکاندا ژۆنا سەجادی ئەکتەری کەمتەمەنی کورتە فیلمی “دوایین ئامێز” بوو بە براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ و، بەو شێوەی ئەو فیلمە چوار خەڵاتی سەرەکیی فستیڤاڵی”سیمی یونانی” وەدەستهێنا.
جێیئاماژەیە دوایین ئامێز چیرۆکی بنەماڵەیێکە کە بە شێوەیێک سەرقاڵی تێپەڕکردنی کات لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و، مۆبایلەکانیانن کە تەنانەت بە مەرگی باوەگەورەشیان نازانن.
ستافی فیلمەکە بریتین لە: نووسەر، دەرهێنەر و سەریەکخەر: سامان حوسێنپوور، وێنەهەڵگر: زانیار لوتفی، دەنگهەڵگر: محەممەد تەوریوەریان، یاریدەری دەرهێنەر: ئاکۆ زەندکەریمی، یاریدەری وێنەهەڵگر: نەوید زارع، تروکاژ و گرافیست: شۆڕش وەکێڵی، ئامادەکارییەکان: فریشتە ئەحمەدی، ئەکتەرەکان: ژۆنا سەجادی، فەرەیدوون عەلیڕەمایی، ڕەشید حوسێنپوور، عەلی پەناهی، محەممەد پەناهی، نیما حسەینی، پەروین فەلاحی، کەژاڵ سادقی.
شیاوی باسە سامان حسێنپوور دەرهێنەری لاوی کورد و لە دایکبووی شاری سەقزە، کە لە ساڵی ١٣٨٥ لە شاری کامیاران لە ڕێگای شانۆگەرییەوە پێنایە دنیای هونەری سینەما و ، لە ٢٠پرۆژەی کورتە فیلم تائێستا رۆڵی هەبووەو ، چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی لە بواری هونەری سینەما، بەو دەرهێنەرە کوردە بەخشراوە.