لە درێژەی کاردانەوەکانی ڕێژیم لەمەڕ مانگرتنی بەرفراوانی چەندین شاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانان و دواتریش لە ١٦ی ڕەزبەر، ئیدارەی چاوەدێریی شوێنە گشتییەکانی سنە، ڕێژەیەکی بەرچاو لە دوکان و شوێنی کاری بازاڕییانی ئەو شارەی پلۆمپ کرد.
ئیدارەی ئەماکنی سنە هۆکاری پلۆمپ کرانی دووکانی بازاڕییانی ناڕازیی ئەو شارەی “بەشداری لە مانگرتنی ١٦ی ڕەزبەر”ڕاگەیاندووە.
ئەم ئیدارەیە کە ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری و چاوەدێریی ئۆڕگانە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کار دەکات ڕایگەیاندووە کە “ئەم دووکانانە بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٧ی یاسای نیزامی ئەسناف پلۆمپ کراون و بە پێی خاڵی٢ی مادەەی ٢٧ هەر کەسێک ئەو پلۆمپانە بشکێنێ و شوێنی پلۆمپکراو بکاتەوە تووشی سزای قورسی قەزایی دەبێتەوە”.
شایانی باسە کە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەر، هاوکات و هاوئاهەنگ لەگەڵ چەندین شار و گەورەشاری ئێران، شارەکانی سنە، گەورەشاری کرماشان، سەقز، مەهاباد، بانە، بۆکان، میاندواو، پاوە، سەردەشت و پیرانشار، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ گرانی و بەرزی و نزمیی نرخی دراو کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کار و گوزەرانی ژیانیان هەیە دەستیان کرد بە مانگرتن و دوکانەکانیان داخست.