کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە سنوورەکانی شاری سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بریندارکرا، ئەوە دوازدەهەمین کۆڵبەرە کە لە ماوەی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا بریندار یان دەکوژرێ.
بە پێی ڕاپۆڕتی ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لە گوندی “بریاجی”ی سەر بە شاری سەردەشت، دەکەونە بەر هێرشی هێزەکانی سەرسنووری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و، لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی “ڕەسووڵ سیڕاجی” بە سەختی بریندار دەبێ.
ناوبراو گوللەی وە پشتی کەوتووە و، بە مەبەستی چارەسەری ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ کراوەو، بە وتەی کەسێکی نزیک لە “ڕەسووڵ سیراجی” ناوبراو بەسەرختی بریندارەو لەژێرچاوەدێریی چڕی پزیشکاندایە.
لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، ئەوە 12یەمین حاڵەتی کوشتن یان بریندارکردنی کۆڵبەرانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە 8 کەسیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ کراوە و، چوار کەسیش لە ئاکامی ڕاوەدوونانی ئەو هێزانە کەوتوونەتە سەر مینە چێنراوەکانی ڕێژیم یان مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵی نێوان ئێران وعێراق.
هاوکات، ڕێژەیەکی زۆر لە کەلوپەلی ئەم کاسبکارانە دەستی بەسەرداگیراوەو، چەندین سەر ئەسپیش لەم نێوەدا بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.