خانەنشینانی سەرانسەری ئێران بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک داوایان لە سەرجەم ئەندامانی خۆیان کردووە کە ڕۆژی سێ شەممە ٢٤ی ڕەزبەر، کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامەڕێژیی مووچە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی کۆ ببنەوە.
لە کاتێکدا کە مانگرتنی مامۆستایانی وڵات لە دووهەمین ڕۆژی خۆی لە بەردەوامە و، مامۆستایانی زیاتر لە٥٠ شار بەشداریی مانگرتنەکەیان کردووە، خانەنشینانی وڵاتیش کە لە چینی کەمدەرامەت و دەستەنگی کۆمەڵگان، بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک ڕایانگەیاندووە کە پەیوەست دەبن بە مانگرتنی مامۆستایانەوە و لە بانگەوازەکەیاندا هاتووە کە:
ئێمەی خانەنشینانیش لەسەر ئەو بڕوایەین ، ئێستاکە حاکمان و بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ئیرادەیەکیان نییە بۆ چارەسەرکردن و، بەدەمهاتنی داواکارییە ڕەواکانمان و، هەروەها کە دەبینین بە دەستی ئەنقەست لە هەوڵی لەپەراوێز خستنی ئێمەی خانەنشینەکانن، ئێمەش بەو ئاکامە گەیشتووین کە سەردەمی گفت و بەڵێنیی درۆ و دوور لە ڕاستی بۆ سەپاندنی ژیانی کۆیلایەتی و بندەستی کۆتایی پێ هاتووە.
لەبەشێکی دیکە لە بانگەوازی خانەنشین کراوان هاتووە ، بۆ وەرگرتنەوەی ژیان و مافەڕەوا زەوتکراوەکانمان جارێکی دیکە کۆدەبینەوەو، ماندەگرین تاوەکوو دەنگی خۆمان بگەیەنینە کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیمی نابەرپرسی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە کۆتایی ئەو بانگەواز هاتووە: هەروەها ئێمە دووبارەی دەکەینەوە کە بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە نالەبارەی ژیانمان و، بۆ دەربازبوون لە هەژاری و برسێتی و، ناچارکردنی بەرپرسان بۆ ملدان بە خواستە ڕەوا و ویستە لەسەر عەرزکەوتووەکانمان و، لە کۆتاییشدا بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شایستەو شیاو، هیچ ڕێگەیەکمان نییە جگە لە یەکگرتوویی خانەنشینانی ئیدارە جیاجیاکان.