مانگرتنە سینفییەکانی ئێران و، کوردستان لە پەرەسەندن دایە.
دوای مانگرتنی بەربڵاوی کامیۆنداران و خاوەن بارهەڵگران لە شارەکانی ئیران و کوردستان،کە ئێستاش هەر بەردەوامە، ئەمڕۆ ٢٢ی ڕەزبەر هەواڵی پەیوەستبوونی زێڕفرۆشانی شاری کرماشانیش بە مانگرتنە سەرانسەرییەکانی ئێران بڵاوبۆوە
بە پێی هەواڵێک کە لە کرماشانەوە بە دەستمان گەیشتووە، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی چین و تویژەکانی کۆمەڵگە بە دژی بشێوی بازاڕ و دۆخی خراپی ئابووری و دابەزینی دراوی ئێرانی، بەشێکی بەرچاو لە زێڕفرۆشانی کرماشانی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بازاڕی زێڕی تاران ، بڕیاریان داوە بۆماوەی سێ رۆژ دوکان و بازاڕەکانیان دابخەن و مانبگرن.
سەرۆکی یەکیەتیی زێڕفرۆشانی کرماشان ڕایگەیاند؛ کە زیڕفرۆشانی کرماشانی هاوکات لە گەڵ زێڕ فرۆشانی شاری تاران پێکەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماندەگرن.
مانگرتنی سینفی زێڕ فرۆشانی کرماشانی لە کاتێکدایە کە ئەمرۆ یەکشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٩٧ی هەتاوی مانگرتنی مامۆستایان و فەرهەنگییانی سەر بە ئیدارەی پەروەردەو فێرکاریی دەستیپێکردو، بەم جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک، بە دژی ناکارامەیی سیستەمی ئابووری و سیاسیی کۆماری ئیسلامی پێناوەتە، قوناغێکی دیکەوە.