دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی کیژۆڵەیەکی خەڵکی ناوچەی سنە، لە قوتابخانەی ئاوایی “گەرماش” چالاکانی مەدەنی و کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵیان دا کەمتەرخەمییەکان و نابەرپرسایەتییەکانی پێوەندیدار لەو بارەوە لە قاو بدەن، کە ئەمەش تووڕە بوون و، هەڕەشە کردنی دادستانی گشتی و ئینقلابی ، پارێزگای سنەی لێکەوتەوە.
هەڕەشە کردنەکانی “ئەکبەر جەوهەری” لە کاتێکدایە کە بەشێک لە چالاکانی مەدەنیی کورد بە وەبیرهێنانەوەی کارەساتی قوتابخانەی شیناوێ و بەرجەستە کردنی گیان لەدەستدانی قوتابییەکی پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە “گەرماش”ی سنە، داواکارن کە کەسانی نابەرپرس لەوبارەوە سزا بدرێن و، گیانی منداڵان لە خوێندنگەکان پارێزراو بێت.
بەڵام ئەکبەر جەوهەری بە توندی هەڕەشەی لێیان کردووەو، ئەمە لە کاتیكدایە کە بۆ خویشی دەڵێ ٢١ رۆژی دیکە ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی قانوونی سنە سەبارەت بە هۆکاری مەرگی “دونیا وەیسی” بڵاو دەبێتەوەو بەرانبەر بەم پرسیارە کە بۆ بیست رۆژی دیکە؟ هیچ وڵامێکی نیەو، دەیهەوێت لە ئێستاوە هەواڵنێران و، کەسانی چالاک دەمکوت بکا.
دادوەریی گشتیی و ئینقلابی ناوەندیی پارێزگای سنە ڕایگەیاند کە پەروەندە بۆ ئەو کەسانە دەکەنەوە کە خەریکی پەرەپێدان بە دەنگۆکەکان لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان و، بەدواداچوونی ئەو پەروەندەن.
ناوبراو رایگەیاند کە دوای کردنەوەی دۆسیکە، ئەو کەسانە رەوانەی دادگا دەکا کە لە مێدیاکاندا دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردوە کە ئەگەری ئەوە هەیە کە هۆکاری مەرگی ئەو کیژۆڵە خوێندکارە تەنیا بە هۆی ڕووخانی دیواری قوتابخانە نەبووە ، بەڵکوو ئەگەری دەستدرێژی سێکشیش هەیە.
بەپیی هەواڵدەریی “تابناکی کوردستان” “ئەکبەر جەوهەری” خەریکی پەروەندەی قەزاییە لە بارەی مەرگی “دونیا وەیسی” و چاوەڕیی بۆچوونی کارناسانی پزیشکی قانوونی یە.
“دنیا وەیسی” کچە خوێندکاریی کورد، تەمەن٧ ساڵان لە رۆژی ١٦ی ڕەزبەر بە هۆیەکی نادیار گیانی لە دەست دا و، لە ژێر دیواری رووخاوی قوتابخانە دۆزرایەوە. مەرگی “دونیا” کاردانەوە و دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکان لێکەوتەوە و ئێستاش بەشێک لە هەواڵنێران و کەسانێک وا بەدواداچوونی جیددییان بۆ ئەو کەیسە کردووە، پێداگرن لەسەر ئەوەی کە هەوڵ دراوە بە شێوازی جۆراوجۆر هۆکاری مەرگی ئەو قوتابییە پەردەپۆش بکرێ.
هەڵوێست و قسە دژبەیەکەکانی دەمڕاست و بەرپرسانی ڕێژیم دەرخەری ئەوەیە کە ناتوانن وڵامێکی روونیان لەو پێوەندییە هەبێ و، لە ڕێگای ماڵپەڕ و میدیاکانی خۆیانەوە هەرجارەو هۆکاری مەرگی “دونیا وەیسی” جۆرێکی دیکە بڵاو دەکەنەوە.