ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر هاووڵاتییەکی کورد بە هۆی شەڕ و پێکدادانی نیزامی لە ناوچەی شاهۆ گیانی لەدەستدا.
بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، لە ئاکامی تێکهەڵچوونی چەکداریی نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزێکی چەکداری نەناسراو، لە ناوچەی شاهۆ، کەسێک بە ناوی فەرشاد چچانی خەڵکی ئاوایی داریان بە فیشەکی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراوە.
دەگوترێ رۆژی هەینی لە نیوان سپای پاسداران و گرووپێکی چەکدار، کە تائێستا روون نەبووتەوە سەر بە چ لایەنێکن، لە ناوچەی شاهۆ تێکهەڵچوون ڕووی داوەو، بۆتە هۆی کوژرانی کەسێکی باخداری خەڵکی ئەوناوچە.
هەروەها هێندیک سەرچاوە باس لە کوژرانی سێ کەس لە چەکدارەکان دەکەن کە تا ئێستا هۆڤییەتیان نادیارە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە ، تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە دەرگیریی و تێکهەڵچوونەکان لە ناوچەی شاهۆ بەردەوامە.
شیاوی باسە تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری پاوە، فەرشاد چچانی وەک کەسێکی نیشتمانپەروەر و لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستان دەناسێنن.
هەر لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری پاوە بە “کوردستان وکورد”ی راگەیاند ؛ پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ، بە هۆی دەنگی تەقینەوە ،خەڵکی ئەوشارە ترسان و، وایان دەزانی بوومەلەرزەیە و، دواتر ئاشکرا بوو ، کە شەڕ و دەرگیریی نیزامییە.
جێیوەبیرهێنانەوەی حەوتەی لەمەوپێش سپای پاسداران لە ناوچەی شاهۆ بۆ ماوەی ٧ رۆژ مانۆڕی نیزامی بەڕێوەبردو، خەسارێکی زۆریان بە ژینگە و سروشتی ئەو ناوچە گەیاند.