ناوەندە ئەمنییەکانی شاری شنۆ لە پیلانی داڕێژراو و سیاسییانە، کۆبوونەوەیەکی ئەدەبی و فەرهەنگی تایبەت بە ئەنجومەنی ئەدەبیی (پرشنگی گەلاوێژی) ئەوشارەیان تێکدا.
بە پێی ڕاپۆڕتێک کە بە “کوردستان وکورد”گەیشتووە، بڕیار بووە رۆژانی پێنجشەممەو هەێنی ، ١٩ تا ٢٠ی ڕەزبەر لە سەردەستی قەڵەمبەدەستان و ئەدەبدۆستانی ئەنجومەنی ئەدەبیی پرشنگی گەلاوێژ کۆبوونەوەیەکی ئەدەبی و فەرهەنگی بە بەشداریی نووسەران و ئەدیبانی شارەکانی دیکەی کوردستان لە شاری شنۆ بەڕێوە بچێت. بەڵام سەرەڕای هاوئاهەنگی و ڕێگەپێدراوی بۆ ئەو کۆبوونەوە، ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕێگای پیلانگێڕییەوە تێکیان داوە.
یەکێک لە بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوە ڕایگەیاند: دوای ئەوەی مێوانەکان و بانگهێشت کراوانی ئەو کۆڕە ئەدەبییە گەیشتن لە کاتی چوونەوە ژوورە بۆ ناو هۆڵی تەرخانکراو لە “مجتمع”ی فەرهەنگی شاری شنۆ، چەند کەس لە مەئموورانی سپا بە ویستی خۆیان دارودیواری ئەو سالۆنەیان پڕ کردبوو لە دروشمگەلێک پڕاوپڕ لە بێ رێزی بە گەلی کوردو بزووتنەوەی کورد.
بە پێی هەمان سەرچاوە سەرەتا لە سەر ئەرز، ئاڵای ئامریکاو ئیسراییل یان ڕاخستبوو، دواتر وێنەی ڕێبەرانی مەزنی گەلی کورد، وەکوو پێشەوا قازی محەممەد و دوکتور قاسملوو، شەڕەفەکەندی و چەند کەسایەتییەکی دیکەیان هەڵواسیوەو لە ژێری وێنەکان بە نووسراوە بێ رێزییان بەو ڕێبەرانە کردبوو.
لە دڕیژەی ئەو ڕاپۆڕتەدا هاتووە دوای ئەوە کە میوانان و هەیئەتی خانەخۆێ چاویان بەو پیلانە کەوت، ناڕەزایەتییان دەربڕی و، بانگی فەرمانداری شاری شنۆیان کرد .بەڵام ئەوەش هیچی لەدەست نەهاتوو، هەربۆیە بەشی هەرەزووری میوانان ئەو سالۆنەیان بەجێهێشت.
دەگوترێ ڕێژیم دەیهەوێست بە کەڵکئاژۆیی، وێنەو فیلم لەو کۆنگرە ئەدەبی و فەرهەنگییە هەڵبگرێت، کە هەم ئاڵای ئیسراییل و ئامریکا پاماڵ دەکرێ و، هەم بێ رێزی بەڕێبەرانی گەلی کوردیش کراوە.