به ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتنی ناوكی، بازرگانی‌و ئابووریی ئێران تا ڕاده‌یه‌ك وەجوولە کەوتوە.
له حاڵێكدا كه وه‌زیری ئابووریی ئاڵمان به‌م زووانه له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تێكی پله به‌رز سەردانی تاران دەکا، هێندێك له چالاكانی كه‌رتی تایبه‌تیش له هه‌وڵی ڕێكخستنی سه‌فه‌ری هه‌یئه‌تی بازرگانیی ئا‌مریكا بۆ ئێرانن.
به‌پێی ڕاپۆرتی “ئێقتسادنیوز” هه‌یئه‌تی بازرگانیی ئا‌مریكا بۆ تاوتوێی ئابووریی‌و ئاماده‌بوون له بازاڕه‌كانی ئێران پاش گه‌مارۆكان دێنە ئێران.
حه‌مید حوسێنی، ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌نارده‌ی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان ده‌ڵێ، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ژووری فیدراڵی ئامریكا‌و دامه‌زراوه‌ی “ئه‌ی ـ لرنینگ” كراوه تا هه‌یئه‌تێك له ئامریكاوه بۆ تاوتوێی بازاری ئابووریی ئێران بگه‌نه تاران.
زیندووكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی بازرگانی‌و ئابووری له‌گه‌ڵ ئا‌مریكا تازه له یەکەم هەنگاوەکان دایە، به‌ڵام ژووری پیشهسازیو بازرگانیی ئاڵمان پێشه‌كی به‌رنامه‌ی سه‌فه‌ری زیگمار گابریل، وه‌زیری ئابووری‌و سامانه‌كان بۆ تارانی داڕشتووه.
زیگمار گابریل كه سه‌رۆكی حیزبی سوسیال دێموكراتی ئاڵمانیشه، له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تێكی پله‌به‌رز و خاوه‌نكارانی ئاڵمانیش سه‌ردانی تاران‌و ئیسفه‌هان ده‌كه‌ن. ئه‌م سه‌فه‌ره بۆ ڕۆژانی یه‌كشه‌ممه‌و سێشه‌ممه‌ی حه‌وتووی داهاتوو به‌رنامه‌ڕێژی كراوه.
شایانی باسه كه ئاستی مامەڵەو هه‌نارده‌ی شیركه‌ته‌كانی ئاڵمان بۆ ئێران له ساڵانی پێشوودا 2 میلیارد یۆرو بووه‌و خاوه‌نكارانی ئاڵمانی هیوادارن به كرانهوهكانی پاش ڕێككه‌وتن، ئه‌م ڕێژه‌یه له‌ماوه‌ی ٢ ساڵدا بۆ ٥ میلیارد یۆرو بەرز بێتەوە.