دوابەدوای بڵاوبوونەوەی مەرگی دنیا وەیسی قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە ئاوایی “گەرماش”ی سنە لە رۆژی ١٦ی ڕەزبەر، ئەو کارەساتە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد.
سەرەتا بە پێی ڕاگەیاندراوی بەشی پێوەندییەکانی ئیدارەی پەروەردەو فیرکاریی لقی دووی سنە بڵاوکرایەوە کە دنیا وەیسی لە قوتابخانەی ئاوایی گەرماش بەهۆی رووخانی دیوار بریندار بووەو، دواتر لە نەخوشخانە “بعثت”ی گیانی لەدەستداوە.
بەڵام بە پێی بەدواداچوونی هەواڵنێری “کوردستان وکورد” لە ناوچەی سنە کە لە نێوخەڵکی ئاوایی و هەروەها بە پێی قسەی کارمەندەکانی ئەو نەخۆشخانەیە کە هۆکاری مەرگی رووخانی دیوار نەبووە، بەڵکوو گومانەکان لەسەر شتێکی دیکەیە و باس لە دەستدرێژی سێکسی دەکرێ و تەنانەت بەرپرسی ئەو قوتابخانەش دەسبەسەرکراوە.
شیاوی باسە وێنەیەک کە سەرەتا بڵاوبۆوە ،وێنەی دونیا وەیسی نەبوو کە رۆژنامەکانی ئێرانیش بڵاویان کردوە.
دەنگدانەوەو، کاردانەوەکان لەو پێوەندییەدا بۆتە هۆی هاتنە سەرخەتی بەرپرسان و دەگوترێ لە وەزارەتخانەوە نوێنەری تایبەت بۆ ئەو بابەتە سەردانی سنە دەکا و هەروەها ئەکبەر جەوهەری دادستانی پارێزگای سنە دوای سێ رۆژ داوای لێکۆڵینەوەی پزیشکی کردووە و بڕیارە ٢٠ رۆژی دیکە ئاکامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ڕابگەیندرێت.
بەشێک لە رۆژنامەنووسانی کورد ئەو هەوڵانە بە کات بە فێردان دەزانن و سوورن لەسەر ئەوە کە ناوەندە ئەمنییەکان دەیانهەوێ ئەو رووداوە بە لارێدا ببەن.
زانیارییە بەراییەکان باسیان لەوە دەکرد کە گوایە ئەو کیژۆلە دەستدرێژی سێکسی لەسەر کراوەو ناوەندەکان بە کەڵک وەرگرتن لە نەریت و باوی کۆمەڵگە لە هەوڵی پەردەپۆش کردنی ڕاستییەکانن، چونکە گەندەڵیی ئیخلاقی لە سیستەمی پەروەردەی ئێران ماوەیەکە بۆتە باسێکی گرینگ و تەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی پرسی “استیضاح” کردنی وەزیری پەروەردەو ڕاهێنانی دەوڵەتی روحانییە.
چالاکانی مەدەنی و بەشێک لە هەواڵنێرانی دەروەست بۆ ئاشکرکردنی ڕاستییەکان و، گوشارخستن سەر ناوەندە پێوەندیدارەکان لە هەوڵدان و توانیویان ئەو کەیسە لە کپی وبێدەنگی دەربهێنن.
هەورەها بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی ، بە مەبەستی مەحکوومکردنی کەمتەرخەمییەکان و کەمکارییەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران لەهبەر قوتابخانەو خوێندنگەکانی کوردستان و رووداوی کارەساتی شیناوێ و ئاوایی “گەرماش”ی سنە، کەمپێنێکیان لە ژێر ناوی “بانگەواز بە بۆنەی گیان لەدەستدانی دونیا وەیسی” پێکهێناوەو رۆژی شەممەیان بۆ مانگرتن لەبەردەم بینای ئیدارەی “ئامووزش وپەروەرش”ی شاری سنە دیاری کردووە.