كازم عه‌لیزاده، جێگری ژینگه‌پارێزیی كرماشان ده‌ڵێ كه سه‌راوی نیلوفه‌ر به ته‌واوی وشكبووهو ئه‌گه‌ری وشكبوونی تاڵاوی هشیلانیش هه‌یه.
كازم عه‌لیزاده وێڕای ئاماژه به ڕه‌وتی وشكبوونی سه‌راوی نیلوفه‌ر که ماوه‌ی ٤ ساڵه ده‌ستی پێکردوه، ده‌ڵێ سه‌راوی نیلوفه‌ر له ساڵی ڕابردوودا به ته‌واوی وشك نه‌ببوو و هێندێك جاران به‌شێك له ئاوه‌كه‌ی ده‌مایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مساڵ به ته‌واوی وشك بووه.
به وته‌ی ئه‌م كاربه‌ده‌سته وشكبوونی سه‌راوی نیلوفه‌ر كه له ٢٠ كیلۆمیتریی باكووری ڕۆژاوای كرماشان هه‌ڵكه‌وتووه‌و له لیستی میراتی سروشتیی ئێران دایه، بۆته‌ی هۆی فه‌وتانی گیا‌و جۆره‌كانی زیندهوهرانو تێكدانی ئێكۆسیستمی ئه‌م ناوچه‌یه‌و لاولاوه‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی یه‌كه‌مدا فه‌وتان و ئه‌م جاره‌ش نۆره گه‌یوه‌ته مردنی زینده‌وه‌ره‌كانی نێو ئاوه‌که.
عه‌لیزاده وێڕای هێنانه به‌ر باسی ئه‌م مه‌سه‌له كه سه‌راو له ده‌سته‌ی ئه‌م ناوچانه‌دا نییه كه له ژێر چاوه‌دێریی ژینگه‌پارێزیدان، وه‌بیری هێنایه‌وه كه ڕێکخراوه‌که‌ی ئه‌وان ته‌نیا ڕۆڵی چاوه‌دێری كردن دهگێڕێو بڕیار وابوو دام و ده‌زگای دیكه بۆ پاراستنی ئه‌م سه‌راوه هه‌وڵ بدرێ كه ده‌بێ له خۆیان بپرسن ئایا هه‌وڵه‌كانیان به‌كوێ گه‌یشتووه.
جێگری ژینگه‌پارێزیی كرماشان له وڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا كه بڕیار بوو به‌شه ئاوێک له به‌نداوی “گاوشان”ه‌وه بۆ به‌نداوی نیلووفه‌ر وه‌به‌ر چاو بگیردرێ، ده‌ڵێ: خودی به‌نداوی گاوشانیش پاشه‌كه‌وتێكی ئه‌وتۆی نییه.
به‌قسه‌ی ئه‌م كاربه‌ده‌سته دیارده‌ی كه‌م ئاویی زۆربه‌ی سه‌رچاوه ئاوییه‌كان، سهراوهكانو چۆمه‌كانی كرماشانی وشك كردووه‌و ئاوی چهمو كانیاوه‌كانی وه‌ك ڕازئاوهر، قه‌ره‌سوو و گاماسیاویش به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له كه‌می داوه.
عه‌لیزاده هه‌روه‌ها وتوویه‌تی: بێئاوی تاڵاوی “هشیلان”یش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆسه‌ر ژینگه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه و له‌وانه‌یه كاره‌ساتێكی ژینگه‌یی له‌م تاڵاوه تایبه‌ته‌ی كرماشان‌دا ڕووی بدا.