گرووپی هەنگاونان بەدژی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک رایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 2012وە ١٦ میلیارد دۆلاری بۆ پشتیوانی لە “بەشار ئەسەد” و گرووپەکانی دیکە لە یەمەن و، عیراق و سووریە تەرخانکردووە.
‘مایک پۆمپئۆ”وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی گرووپەکەی پشتڕاستکردەوە و، رایگەیاند؛ کە لە حاڵێکدا گەلانی ئێران ژیانیکی سەخت و دژوار تێپەر دەکەن و، بە دەست بێکاریی نەدارییەوە دەناڵینن، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بڕی ١٦ میلیارد دۆڵار هاوکاریی رێژیمی سووریە و، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی لە عیراق و یەمەن کردووە.
“گرووپی هەنگاونان بە دژی ئێران” رایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ گواستنەوەی پارە بە مەبەستی هاوکاریی گرووپە تووندڕەوەکانی سەر بەو ڕێژیمەی لە چەند کۆمپانیایەکی “ئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبی” و هەروەها بانکی “ئەلبەلادی ئیسلامی عێراق” کەڵکی وەرگرتووە.
هەر لەو پێوەندیەدا هەواڵدەریی “بلومبێرگ” رایگەیاند کە بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە ساڵی ١٩٩٤ ئەنجامدراوە، رێژیمی کۆماری ئیسلامی شەش میلیارد دۆلاری بۆ پشتیوانی لە “بەشار ئەسەد” تەرخانکردووە و، لە هێندێک بواردا ئەو یارمەتیانە گەیشتۆتە ١٥ میلیارد دۆلار.
“گروووپی هەنگاونان بەدژی ئێران” رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبارکرد کە لە ئێران ئیزنی نیشتەجێبوون بە ئەندامانی “ئەلقاعدە”ی داوە و، لە رێگای ئەوانەوە هێز و پارە ڕەوانەی سووریە دەکات.
لە کاتێکدا کە گەلانی ئێران بە دەست هەژاری و بێکارییەوە دەناڵینن، کۆماری ئیسلامی بۆتە پشتیوانی گرووپە تێرۆریستەکانی ناوچەکە و بۆتە سەرچاوەی ئاژاوە و شەڕ و ماڵویرانی بۆ وڵاتانی ناوچە و، جیهان و، ساڵانە چەندین میلیارد لە داهاتی وڵات تەرخانی ئامانجە شەڕئاژۆکانی خۆی دەکات.