بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی یەک ساڵدا، واتە لە١٨ی ڕەزبەری ساڵی پارەوە هەتا ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە ٨٠ بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون.
لەوبارەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) بە بۆنەی ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە دژ بە حوکمی سێدارە ڕاپۆرتێکی ئاماریی لەسەر ڕێژەی لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ٨٠ کەسەی کە لە سێدارە دراون، ٦ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی، ٩ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی، ٥٥ کەسیان بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست، ٧ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە سڕکەرەکان و ٣ کەسیشیان بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لەسێدارە دراون.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ماڵپەڕی (هەنگاو) ٣٧ کەس لەو هاووڵاتییانەی کە لەسێدارە دراون، خەڵکی پارێزگای ورمێ بوون، ٢٨ کەس خەڵکی پارێزگای کرماشان، ٥ کەس خەڵکی پارێزگای ئیلام، ٥ کەس خەڵکی پارێزگای لوڕستان، ٣ کەس خەڵکی پارێزگای سنە، یەک کەسیش خەڵکی پارێزگای خۆراسانی باکوور و کەسێکیش لە کوردانی پارێزگای قەزوێن بووە. سێ کەس لە شارەکانی خۆی، سەڵماس و ئیلام لە پێش چاوی خەڵکی لەسێدارە دراون.
جیا لەو ٣ کەسە ٧٧ کەسی دیکە لە بەندیخانەکانی: ورمێ ٣٠ کەس، کرماشان ١٨ کەس، کەرەج ١٢ کەس، ئیلام ٥ کەس، لوڕستان ٤ کەس، خۆی ٢ کەس، بەندەرعەباس ٢ کەس، ئیسفەهان، بیرجەند، میاندواو و شیروان هەر کامەیان یەک کەس لەسێدارە دراون.
لە کۆی ئەو ٨٠ کەسەی کە لەسێدارە دراون ٢ کەسیان ژن بووە و ٧٨ کەسیان پیاو بوون کە هەر دوو ژنەکە خەڵکی پارێزگای ورمێ بوون.
لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینییەوە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەریان وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی حوکمی سێدارە ناودێر کردووە.
ئێستا لە ١٠٤ وڵاتی جیهان حوکمی سێدارە جێبەجێ ناکرێت و لە ٥٠ وڵاتیش هەرچەند لەلایەن یاساوە ڕیگە پێدراوە، بەڵام ئەو حوکمە جێبەجێ ناکرێت و تەنیا لە ٣٦ وڵات حوکمی سێدارە بەڕێوە دەچێت.