هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکان لە چەند شارێکی ئێران، دادستانی گشتیی پارێزگای کرماشان باسی لە دەسبەسەرکرانی دە کەسی دیکەش کرد.
خولی تازەی مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکان لە ٢٠ ڕۆژ لەمەوپێشەوە دەستی پێکردووەو تاوەکوو ئێستاش هەر بەردەوامە و لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ٢٧٦ کەس لە شارو پارێزگا جیاجیاکانی ئێران دەسبەسەرکراون.
مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێران کە لە دوای بانگەوازێک لە ٣١ی خەرمانانی ئەمساڵەوە، بۆ سێیەمجار لە دژی بەدی نەهێنانی خواستە سنفییەکانیان دەستی پێکرد
لە ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٧ شۆفێری بارهەڵگرەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران لە دژی بەدەنگەوە نەهاتنی بەرپرسانی پێوەندیدار لەمەڕ داواکارییە سنفییەکانیان دەستیان لە کار کێشایەوەو مانیان گرت.
سەرەڕای ئەوەیکە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەزبەر، باسیان لە کۆتایی هاتنی ئەم مانگرتنە دەکرد، بەڵام وێنەهەواڵ و گرتە ڤیدیۆییەکان دەرخەرتی بەردەوامیی مانگرتنەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستانن.
لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢٦٠ کەس لە پارێزگاکانی: ئەلبۆرز، ئەردەبیل، ئیسفەهان، فارس، سیمنان، کرماشان، زەنجان، هەمەدان، خۆراسانی باکوور، خۆراسانی ڕەزەوی و شارەکانی بۆجنوورد، کەنگان، پاکدەشت، نیشابوور، شیروان، سنە، ئازەرشار، گورگان، نەبدەرگەز، ئیزە، ڕەزەن و زەرەند دەسبەسەر کراون، ئەم کەسانە بە تۆمەتی «افساد فیالارض»، “شێواندنی ئاسایشی نەتەوەیی، و ڕێگەری و چەتەیی دەسبەسەر کراون. جێی ئاماژەیە کە پێشتریش “محەممەد جەعفەر مونتەزیری” دادستانی گشتیی ئێران ڕایگەیاندبوو کە حوکمی ئەم دەسبەسەر کراوانە قورسە و تەنانەت تا سێدارەشی تێدایە.
بەرپرسانی دەزگای قەزایی، دەسبەسەرکراوان بە “هەڵکوتان و هێرش” بۆ سەر ماشێنە بارهەڵگرەکان تۆمەتبار دەکەن. ئەم تۆمەتانە لە کاتێکدایە کە ناڕازیان و مانگرتووان ئەم بابەتە ڕەت دەکەنەوەو دەڵێن ئەم قسانە ئامادەکارییە بۆ سەرکوت کردنی ئێمە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ڕۆژانی داهاتوو و بە بڵاوکردنەوەی چەندین گرتەی ڤیدیۆیی کە نیشان دەدا هێزەکانی ڕێژیم کەرەستەی گشتی نێوشارو ماڵی هاوڵاتییان تێک دەدەن و دەیان شکێنن و دەیسەلمێنن کە ئەوە دەوڵەتە کە تێکدەرە نەوەک خەڵکی چەوساوەو زوڵم لێکراوی ئێران.
هەر لەو پێوەندییەشدا ١٥٣ نوێنەری مەجلیس لە نامەیەکدا بۆ حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ئێران، داوایان لێکردووە بەدەم خواستی داواکارییەکانی شۆفێری بارهەڵگرانەوە بچێ، لە بەشێک لە نامەکەدا هاتووە کە ئەم مانگرتنە سیاسی نییەو نابێ وەک کەسانی سیاسی هەڵسوکەتیان لەگەڵ بکرێت و ئەوانە چینێکی زەحمەتکێشی ئەم کۆمەڵگایەن و پێویستییان بە هاوکاری دەوڵەتە.
دیارە داواکاریی نوێنەرانی مەجلیسی ترسی پێوەدیارەو دەترسن چین وتوێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەش بگرێتەوە.