دیوانی دادوەریی بەرزی وڵات، حوکمی سێدارەی دەسبەسەرکراوێکی سیاسیی کوردی پەسند کرد.
بە پێی هەواڵەکان، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، دیوانی دادوەریی بەرزی وڵات، حوکمی سێدارەی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” دەسبەسەرکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو، لە گرتووخانەی ناوەندیی “ورمێ”ی پەسندکرد.
حوکمی سێدارەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لەلایەن لقی ٤٧ی دیوانی دادوەریی بەرزی وڵات پەسند کراوەو هەروەها حوسێن ئەحمەدی نیاز پارێزەری ئەوبەندییە سیاسییە ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، کوڕی ئەبوبەکر، دەسبەسەرکراوی سیاسیی کورد، بۆ جاری دوویەم لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژنەرەکانی ڕێژیم حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوە.