مەرگی دنیا وەیسی قوتابی پۆلی یەکەم لە ناوچەی سنە، بۆ بەشێک لە میدیاکاران، گۆمانی ساز کردووە.
بە پێی ڕاپۆڕتی بەشی پێوەندییەکانی ئیدارەی پەروەردەو فێرکاریی شاری سنە، پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ٩٧ی هەتاوی بە هۆی ڕووخانی بەشێک لە دیواری حەوشەی قوتابخانەیەک لە ئاوایی گەرماش، لە ناوچەی سنە، قوتابییەکی پۆلی یەکەم بەناوی دنیا وەیسی بەو هۆیەوە بریندار بووەو پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی “بعثت”ی شاری سنە ، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، ڕاست لە رۆژی جیهانیی منداڵان و، ستاندارنەبوونی خوێندنگە و قوتابخانەکان لە ئاواییەکانی کوردستان ، پەرۆشی چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤی لێکەوتەوە، کە دوای کارەساتی شیناوێ ، هێشتا بەرپرسانی ناوەندە پێوەندیدارەکان بە تایبەتی وەزارەتی پەروەردەو فێرکاریی کۆماری ئیسلامی، گرینگی و بایەخ بە منداڵان و پێدوایستییەکانیان و ستانداربوونی شوێنی خوێندنیان نادەن.
لە لایەک دیکەش بە گوتەی هاووڵاتییان و، کەسانێک کە بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە کردووە، جیا لە وتەکانی محەممەد سەعید کەنعانی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی لقی دووی سنە ، هیچ زانیارییەکی ورد لەو بارەوە لە بەردەستدا نیە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پزیشکی قانوونی شاری سنە بۆ هەواڵنێرانی هیچ لێدوانێکی نەبۆوەو بێدەنگی لێ کردووە.
پرسی لێپرسینەوە کردن لە “بطحایی” وەزیری پەروەردەو ڕاهێنانی دەوڵەتی روحانی، کە چەند مانگ لەمەو پێش لەسەر دەستی چەند نوێنەرێک لە مەجلیسی ئێران هاتووتە ئاراوە، ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکانی رووداوی گیانلەدەستدانی دنیا وەیسی.