هەواڵدەریی فەڕانسە لە ڕاپۆڕتی رۆژی دوو شەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاویدا ڕایگەیاندکە، “بیژەن نامدار زەنگەنە” وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران، لە وڵامی شازادەی عەڕەبستان کە باسی لە قەرەبووی دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لەلایەن دەوڵەتی ڕیازی کردبوو، گوتی: بەرزکردنەوەی ڕێژەری بەرهەمهێنانی نەوتی عەڕەبستان ناتوانی دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران قەرەبوو بکاتەوە. وەریژی نەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی گوتیشی: قسەکانی دەوڵەتی عەڕەبستان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخ و بازاڕی نەوتی جیهانی نابێ و ئەوە تەنیا بەشێکە لە شەڕی دەروونیی جیهانی لە دژی ئێران.
پێشتر وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە لە دوای گەمارۆی نەوتیی ئێران بازاڕی نەوتی جیهانی هێمن دەبێتەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور کە بە نەوتی سەرچاوە بۆ دیاریکردنی نرخ دێتە ژمار، لە دوای گەڕانەوەی گەڕی یەکەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، تا ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو گەیشتبووە٨٦ دۆلار و ٧٤ سێنت، بەڵام لەدوای ئەوەیکە دەوڵەتی عەڕەبستان ڕایگەیاند کە ئامادەیە ڕێژەی دابەزیوی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانیش قەرەبوو بکاتەوەو بەرهەمهێنانی وڵاتەکەی دەگەیەنێتە ١٠ میلیۆن و ٧٠٠ بەرمیل لە ڕۆژدا، نرخی هەر بۆشکە نەوت بۆ٨٣دۆلار دابەزی. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ گەڕی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە زیاتر کەرتی نەوت و وزە دەگرێتەوە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوەو بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنرێ.
هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ٥٠٠ هەزاسر بەرمیل کەمی کردووەو لە میلیۆنێک و ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە خەرماناندا بۆ میلیۆنێک و ١٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە. هەندێک سەرچاوەی نەوتی پێیان وایە بەرلەوەیکە گەڕێ دووهەمی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا بسەپێنرێن هەناردەکردنی نەوتری ئەو وڵاتە بۆ خوارووی یەک میلیۆن بەرمیل دادەبەزێ.
ئێران کە سێیەمین وڵاتی هەناردەکەری نەوتی ئەندامی ئۆپێکە، تا پێش دەرچوونی یەکلایەنانەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئەو وڵاتە ڕۆژانە لانیکەم 2میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بۆشکە نەوتی هەناردەی بازاڕەجیهانییەکانی نەوت دەکرد.
جیی ئاماژەیە کە لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە دژی بارودۆخی سیاسی و ئابووری بە دەیان خۆپێشاندان و باڕەزایەتی و مانگرتنیان بەڕێوەبردووە.