ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕێگای دەستوپێوەندییەکانییەوە گوشارەکانی بۆ سەر دوکانداران و کاسبکارانی کورد زیاد کردووە.
دوای مانگرتنی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی دوکانداران و بازاڕییانی کوردستان لە رۆژی ٢١ی خەرمانان، بە مەبەستی هاوخەمی کردن لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکان دەستیان داوەتە ناسین و کێشە ساز کردن بۆ ئەو کاسبکارانەی کە رۆژی ٢١ی خەرمان دوکانەکانیان داخستووە.
بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵنێری “کوردستان وکورد” تەنیا لەشاری بۆکان لە یەکەم رۆژی مانگی ڕەزبەرەوە تا ئێستا نیزیک بە ٣٠ دوکان لەو شارە لە لایەن دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە بە بیانووی جۆراجۆر پلۆمپ کراون و داخراون.
هەروەها بە پێی هەمان ڕاپۆڕت بەشێک لەو دوکاندارانە جەریمەی نەغدی کراون.
جێیوەبیرهێنانەوەیە رۆژێک دوای ٢١ی خەرمانان لە شاری سنەش بەهەمان شێوە مەئموورانی دەزگا حکوومییەکان کێشەیان بۆ چەند دوکاندار ساز کردبوو.
دەگوترێ لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش ئەو گوشارانە بۆسەر دوکانداران و بازاڕییانی مانگرتوو لە رۆژی ٢١ی خەرمانان هەروا بەردەوامە.