مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێران کە لە دوای بانگەوازێک لە ٣١ی خەرمانانی ئەمساڵەوە، بۆ سێیەمجار لە دژی بەدی نەهێنانی خواستە سنفییەکانیان دەستی پێکرد، لە ١٥یەمین رۆژدا لە زۆرێک لە شارەکان بەردەوام بوو و ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی ئەم مانگرتنە 250 کەسی تێپەڕاندووە.
لە ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانانی ١٣٠٧ شۆفێری بارهەڵگرەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران لە دژی بەدەنگەوە نەهاتنی بەرپرسانی پێوەندیدار لەمەڕ داواکارییە سنفییەکانیان دەستیان لە کار کێشایەوەو مانیان گرت.
سەرەڕای ئەوەیکە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەزبەر، باسیان لە کۆتایی هاتنی ئەم مانگرتنە دەکرد، بەڵام وێنەهەواڵ و گرتە ڤیدیۆییەکان دەرخەری بەردەوامیی مانگرتنەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستانن.
لە ماوەی ١٥ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢٥٠ کەس لە پارێزگاکانی: ئەلبۆرز، ئەردەبیل، ئیسفەهان، فارس، سیمنان، کرماشان، زەنجان، هەمەدان، خۆراسانی باکوور، خۆراسانی ڕەزەوی و شارەکانی بۆجنوورد، کەنگان، پاکدەشت، نیشابوور، شیروان، سنە، ئازەرشار، گورگان، نەبدەرگەز، ئیزە، ڕەزەن و زەرەند دەسبەسەر کراون، ئەم کەسانە بە تۆمەتی «فساد فیالارض»، “شێواندنی ئاسایشی نەتەوەیی، و ڕێگەری و چەتەیی دەسبەسەر کراون.
جێی ئاماژەیە کە پێشتریش “محەممەد جەعفەر مونتەزیری” دادستانی گشتیی ئێران ڕایگەیاندبوو کە حوکمی ئەم دەسبەسەر کراوانە قورسە و تەنانەت تا سێدارەشی تێدایە.