هاوکات لەگەڵ بەڕیوەچوونی مانۆڕی نیزامی و تاقیکردنەوەی چەکوچۆڵەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی کامیاران ، هێندێک لە سەرچاوەکان باس لە ئاگرکەوتنەوە لە داوێنی شاخی شاهۆ دەکەن.
بە پێی دەنگ وڕەنگی کۆماری ئیسلامی، هێزەکانی سپای پاسداران مانۆڕێکی بەربڵاوی نیزامییان لەژیر ناوی “رزمایش محرم” لە کوێستانەکانی شاهۆ لە شاری کامیاران بۆ ماوەی حەوتەیەک بەڕێوە بردووە.
بە وتە محەممەدپاکپوور فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی سپای پاسداران، بۆ ئەوەی ناوچەی شاهۆ شوێنێکی گرینگە لە باری جوغرافیایی و هەمیشە هێزە دژبەرەکانی رێژیم لەوێدا هاتوچۆیان هەبووە، بۆ ئەو مانۆڕە هەڵبژێردراوە
هەروەها ئاشکرای کرد کە لەچەند ساڵی ڕابردوودا، لە ناوچە سنوورییەکان و، شاخەکانی کوردستان پەرەیان بە پایگا و، بنکەکانی سپا داوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە لە حەوتەی ڕابردوودا، وێنە و گرتە ڤیدیۆی زۆر بڵاو کراوەیە کە سپای پاسداران خەریکی گواستنەوەی چەکی قورس و، نیوە قورس بوون، بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان.
پێویست بە گوتنە مانۆڕەکانی سپای پاسداران و هەروەها تۆپبارانەکانی هەموو کات بەشێوە بەربڵاو خەساروزیان دەگەێنن بە ژینگەی کوردستان و، تەنیا خەڵکی بێدەرتان و، ژینگەدۆستان فریای سروشت و، ژینگەی کوردستان دەکەون.
جێیئاماژەیە هەر بە هۆی تۆپبارانەکانی سپای پاسداران کەمتر لە دوومانگ لەمەو پێش چوار ژینگە پارێزی کورد لە کاتی دامرکاندنی ئاگر، لە ناوچەی مەریوان گیانیان لەدەستدا.
شیاوی باسە سپای پاسداران ناوەناوە بە بیانووی نیزامی و، جمۆجۆلی هێزی پێشمەرگە ، شاخەکانی کورستان تۆپباران دەکات و، لە ئاکامدا نەتەنیا خەسار بە ژینگەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەێنێت بەڵکوو ئەو خەسارو زیانەش شاخەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
لە ناوبردنی دارستان و لەوڕگەو بێشەڵانەکانی کوردستان بەشێکە لە پلان و سیاسەتەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم.