لە دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی شەپۆلی بانگکرانی خوێندکاران بۆ ئۆرگانە ئەمنییەتییەکان لە سەرەتای ساڵی خوێندن، چەند هەواڵێک سەبارەت بە نالەبار بوونی بارودۆخی هێندێک لە خوێندکارەکانی دەسبەسەرکراو بڵاو بۆتەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی کاناڵی تێلگرامیی “شوراکانی سنفیی خوێندکارانی وڵات”، “سادق قەیسەری” خوێندکاری زانکۆی شەهید بهێشتی کە پێشتر بە 7 ساڵ زیندان و ٧٤ قامچی و دوو سآڵ دوورکەوتنەوە لە چالاکییە فەرهەنگییەکان مەحکووم کرابوو، لە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەرەوە مانی لە خواردن گرتووە.
شایانی باسە ناوبراو لە ڕۆژی ٣٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییەوە دەسبەسەرکراوەو نەچۆتە مەرەخەسی.
“نەجمە واحیدی” خوێندکاری باڵای “توێژینەوەکانی ژنان” لە زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی و چالاکی مافەکانی ژنانیش لە ١٠ی خەرمانانی ئەمساڵەوە لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراوەو تاوەکوو ئێستاش هەر لە گرتووخانە دایە.
هەر لەو پێوەندییەشدا ڕێکخراو و خوێندکارانی زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەم زانکۆیە داوایان کردووە لە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی “نەجمە واحدی”بکات.
هەروەها لە حەوتووی ڕابردوودا سزای قوورس بۆ بەشێکی دیکە لە خوێندکارانی دەسبەسەرکراو کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو گیراون ، بڕاوەتەوە.
لە چەند مانگی ڕابردوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەو سزا قورسانە، نیزیک بە ١٢٥ مامۆستای زانکۆ لە شارەکانی ئێران هاوکات لەگەڵ ٦٨ ڕێکخراوی خوێندکاریی هەڵوێستیان هەبووەو خوازیاری ئازادکردنی خوێندکارانی دەسبەسەرکراو بوون.
ئەو شەپۆلە دەسبەسەرکردن و سزادانی خوێندکاران لە ئێران لە کاتێكدایە کە سەرۆککۆمار حەسەن روحانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دابوو، خوێندکارە دەرکراوەکان بگەڕێنەوە بۆ زانستگاکان و، هەروەها کەشی ئەمنیەتی بەسەر زانکۆکان نەهێڵێت. بەڵام دەرکردن و سزادانی خوێندکاران و زاڵبوونی کەشی ئەمنییەتی بە سەر زانستگاکان لە ئێران و کوردستان بەردەوامە.